ئێران دانیپێدانا: بە مووشەکی ئەوان فڕۆکە ئوکرانیەکە کەوتووەتە خوارەوە

سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاشکرایکرد، کە ئەو فڕۆکە ئۆکرانییەی چوارشەممە کەوتەخوارەوە، بە هەڵەو بە مووشەکی سیستمی بەرگری ئێران بووە.

لە ڕاگەیەندراوی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا هاتووە، فڕۆکەکە لە ناوەندێکی سەربازیی هەستیار نزیکبووەتەوە و بەشێوەیەکی نەخوازراو و بە هەڵەیەکی مرۆیی بەر مووشەکی سیستمی بەرگریی ئێران کەوتووە، فڕۆکەکەش لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران هەستاوە و بەنزمی بەسەر ئەو ناوەندە سەربازییەدا سووڕاوەتەوە.

لەسەر ڕووداوەکە جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لێبووردنی لە خەڵکی ئێران کردووەو ڕایگەیاندووە:"هەڵەیەکی مرۆیی بووە، پەشیمانین، داوای لێبووردن و سەرەخۆشی لە خەڵکی خۆمان و خێزانی قوربانییەکان و ئەو نەتەوانەی دیکە دەکەین کە خەڵکیان لە فڕۆکەکەدا بووە قوربانی".

هەروەها حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمار کەمێک لەمەوبەر لەسەر ڕووداوەکە پەیامێکی بڵاوكردەوە و ئەویش بە هەڵە ناوی بردووە و بە ڕووداوێکی تراژیدی لە قەڵەمی داوە.

ف.ق