ئێران فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکای خستە خوارەوە

سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران ڕایگەیاندووە دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا هاتووەتە سەر خاکی وڵاتەکەی خستویانەتە خوارەوە.

ڕاگەیاندنەکانی سەربە سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران بڵاوییان کردووەتەوە، کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکییان خستووەتە خوارەوە، لەبەر ئەوەی هاتووەتە سەر خاکی ئێران لە نزیک گەروی هورموز.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە لەباکوری گەروی هورموز و لە بەرامبەر شاخی موبارەک لە پارێزگای هوموزگان خراوەتە خوارەوە.

لە بەرامبەردا ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست- سنتکام، هەواڵەکەی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: لەوکاتەدا هیچ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا بەسەر ئاسمانی ئێراندا نەفڕیوە.

بەپێی زانیاریی ئاژانسە جیهانییەکان، ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە لەجۆری "گوبال هاوک"ـە و یەکێک لە گەورەترین فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەانی جیهانە، کە توانای فڕینی لە بەرزاییەکی زۆر هەیە و دەتوانێت بە یەکجاریی وڵاتێک بخاتە ژێر چاودێرییەوە.