"ئێم بی سی MBC"، پەخشی دراما تورکییەکان ڕادەگرێت

کۆمەڵەی میدیایی عەرەبی"ئێم بی سی MBC"، بڕیاری ڕاگرتنی پەخشی سەرجەم دراما تورکییەکانیدا.

.

بەگوێرەی بڕیارێکی کۆمەڵەی میدیایی عەرەبی"ئێم بی سی MBC"، پەخشێ سەرجەم دراما تورکییەکان لە کاناڵەکانیان ڕادەگیرێن. مازن حایاک، وتەبێژی فەرمی "ئێم بی سی MBC"، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "ئەلنەهار"ی عەرەبی بڕیارەکە پشتڕاست کردووە.

بەپێی بڕیارەکە،" لە یەکی مانگی ئادارەوە تا کاتێکی نادیار، لە هەموو کاناڵەکانی "ئێم بی سی MBC"، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ئەفریقا، ئیدی دراما تورکییەکان پەخش ناکرێن".
کۆمەڵی میدیایی عەرەبی"ئێم بی سی MBC"، لە ساڵی ۲۰۰۷ وە پێشەنگ بووە لە دۆبلەکردن و پەخشکردنی دراما تورکییەکان لە وڵاتانی جیهانی عەرەبی و بەو هۆیەشەوە بینەرێکی زۆری لە خۆی کۆکردبوویەوە.
بەڵام بەهۆی خراپی سیناریۆ و دیمەن و ناوەڕۆکی زۆربەی دراماکان، لە نێو خێزان و کۆمەڵگەی عەرەبیدا کێشەی زۆریان نابوویەوە و تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری نەیێنی لە سەر داب و نەریتیان دانابوو و بەتایبەتی توێژی جەوانانی بەلاڕێدا بردووە. هاوکات پاشەکشەش بە درما عەرەبیەکان کردبوو و ئاستی بەرهەهێنایانی زۆر دابەزاندبوو. هەر ئەوەش وای کردوە لە دژی دراما تورکییەکان ناڕەزایەتیەکان زیاد ببن و کەمپین لە دژیان ڕابگەیەندرێت.
شایانی باسە، "ئێم بی سی MBC"ی عەرەبی ساڵی ۱۹۹۱، لە شاری لەندەنی ئایتەختی بەریتانیا دامەزرا و ئێستاش بارەگای سەرەکی لە شاری دوبەی میرنشینی ئیماراتە و ۱٨ کاناڵی تەلەفزیۆنی هەمەجۆر لە خۆدەگرێت.

جێگای ئاماژەیە، بەڕاگرتنی دراما تورکیەکان لە "ئێم بی سی MBC" عەرەبی، گورزێکی گەورە لە کەرتی ئابووری هونەری تورکیا دەدرێت. چونکە لە ڕێگەی دراما تورکییەکان و ڕکلامی هونەرمەندانی تورکەوە لە کاناڵە عەرەبیەکاندا، ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار دەچووە خەزێنەی دەوڵەتی تورکیاوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، لە باشوری کوردستانیش چەندین ساڵە داخوازی ڕاگرتنی دراما تورکییەکان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش، کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆکردنەوەی ئیمزا و ڕاگەیاندنی کەمپین، ئەنجامدراون. بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی باشور، کە لێیانەوە بەردەوام دراما تورکییەکان پەخش دەکرێن، وەڵامی داخوازیەکەیان نەداوەتەوە و وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک نەدیو لێی دەڕوانێت.
  

هـ.هـ