ئەرکی محەمەد عەلاوی قورس دەبێت

محەمد عەلاوی لە دۆخێکی دژواری سیاسی و ئەمنیدا لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم سالحەوە ئەرکدار کراوە بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەت، ئەوەش کارێکی ئاسان نابێت.

دوێنی یەکی شوبات سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح، محمد عەلاوی ڕاسپاراد بۆ ئەرکی سەرۆک وەزیرانی عێراق  و پێکهێنانی کابینەی حکومەت، وەرگرتنی ئەو پۆستە لە لایەن محمەد عەلاوی ئەرکێکی ئاسان نیە، چونکە  پێشتر لە ژێر فشاری خۆپێشاندەراندا عادل عەبدولمەهدی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دەستی لە کار کێشایەوە، دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق لە بارێکی ئالۆزدایە.

ئەرکدارکردنی محەمەد عەلاوی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە کاتێکدایە کە پێشتر لایەنە سیاسیەکانی عێراق چەند جارێک ناوی چەند کەسایەتیکیان پێشکەشی سەرۆک کۆمار کردبوو بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران وەر بگرێت بەڵام خۆپێشاندەران ڕەتیان کردبووەوە، سەرۆک کۆماریش ئەرکداری نەکردن.

لە ٢٩ کانونی دووم سەرۆک کۆمار تەنها دوو ڕۆژ مۆڵەتی دایە لایەنە سیاسیەکانی عێراق بۆ ئەوەی ناوی کەسێکی بخەنە بەردەست کە چێ خواستی شەقامی عێرق بێت، لە دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە لایەنە سیاسیە شیعەکان نەیاتوانی ناوی ئەو کەسە پێشکەشی سەرۆک کۆمار بکەن، بۆیە سەرۆک کۆمار تاک لایانە بڕیاریدا کە محەمەد عەلاوی ئەرکدار بکات بۆ ئەوە پۆستە.

لە نزیکترین کاردنانەوەشدا موقتەدا سەدڕ سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاند:کە پشتیوانی خۆی بۆ محەمەد عەلاوی دەردەبرێت هێوای خۆاست بە زووترین کات کارەکانی پێکهێنای کابینەی حکومەت تەواو بکات و بەرنامەی کاری خۆێ بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە.

هەروەها عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی کار بەرێکەری عێراق  لە پەیوندێکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی محەمەد عەلاوی کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەیکی نزیکدا لەگەڵ یەکتر کۆ دەبێنەوە.

هاوکات بەشێکی زۆری لاینە سیاسیەکانیش پشتیوانی خۆیان بۆ محەمەد علاوی دەربڕییوە.

بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران محەمەد عەلاوی ئەرکێکی قورسی دەکەوێتە سەر شان چونکە عێراق لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بۆتە  چەقی مڵمڵانەی نێوان ئێران و ئەمریکا و بێ لایەنی لەو دوو هێزە کارێکی ئاسان نیە بەهۆی کاریگەری هەردوو وڵات لەسەر عێراق.

 هەروەها عێراق لە دۆخێکی سیاسی و ئەمنی دژواردایە و وڵاتانی درواسێ و هەرێمی بە ئاشکرا سەروەریی خاکی عێراق پێشێل دەکەن و چەتەکانی داعشیش بەشێوازێکی زۆر چالاکانە دەستیان بە چالاکیەکانیان کردۆتەوە و کاری تیرۆرستی ئەنجام دەدەن لەگەل ئەوەشدا تا ئیستا لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق خۆپیشاندان بەردەوامە و خۆپیشاندەران چاودێری گورانکارییە سیاسیەکان دەکەن.

ز.ش