ئەمریکا باڵیۆزخانەی خۆی لە تورکیا داخست

بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، داخستنی بالیۆزخانەکەیان بە هۆکاری هەڕەشەی ئاساییشی داخست.

 


کەمێک پێش ئێستا، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕایانگەیاند:"هۆکاری هەڕەشەی ئاساییشی لە سەر باڵیۆزخانە و کارمەندەکانیان، بۆ کاتێکی نادیار بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەکەیان داوە".


هەروەها بەرپرسانی باڵیۆزخانەکە ئاشکریان کردوە:"بێجگە لە حاڵەتی زۆر بەپەلە و زۆر تایبەت نەبێت، کارمەندانی باڵیۆزخانەکە تەواوی کارەکانیان ڕادەگرن و هەر کاتێک زانیان گونجاوە، ئەو کات وساتی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان بۆ ڕایگشتی ئاشکرا دەکەن".

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی نیشتەجێی تورکیاش کردووە، خۆیان لە شوێنی شلوغ بپارێزن و بە وریاییەوە هاتوچۆ بکەن. 

جێگای ئاماژەیە، بە هۆی شەڕی داعش، وەستانەوە لە دژی گروپە تەرۆریستەکانی وەک بەرەی نوسرە و ئەلقاعدە لە سوریا، بوونی هێزی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەماهەنگیان لەگەل قەسەدە، شەڕی عەفرین، بوونی فەتحوڵا گولەن لە ئەمەریکا، پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن تورکیاوە و سپیکردنەوەی پارەی ڕەشی ئێران لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە، ناکۆکی گەورە لە نێوان ئەمەریکا تورکیا هەن و ئەو ناکۆکیانەش لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو و دەستپێکی ئەم ساڵەوە تا دەچێت قوڵتر دەبنەوە و وێڕای چەندین کۆبوونەوەی نێوانیان بەڵام بێچارەسەر ماونەتەوە.

 

هـ.هـ