ئەمریکا ژمارەی هێزەکانی لە عێراق بۆ ٣ هەزار سەرباز کەمدەکاتەوە

ئەمریکا بڕیاریدا ژمارەی هێزەکانی لە عێراق لە ٥٢٠٠ سەربازەوە بۆ ٣ هەزار سەرباز کەم بکاتەوە.

کینت مەکینزی فەرماندەی گشتی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەغدا ڕایگەیاند،"ئەمریکا دەزانێت کە هێزەکانی عێراق لە پێشکەوتندان، بە ڕاوێژی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق بڕیارمانداوە کە ژمارەی هێزەکانمان لە عێراق لە ٥٢٠٠ سەربازەوە بۆ ٣ هەزار سەرباز کەم بکەینەوە.

چاوەڕێ دەکرێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە عێراق ڕۆژی چوارشەمە قسە بکات.

مانگی ڕابردوو ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیری عێراقدا، نیازی خۆی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پیشاندابوو.

هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١دا لە عێراق کشانەوە بەڵام دوای چەند ساڵێک لەسەر ناوی شەڕی دژی داعش جارێکیتر هێزەکانی ڕەوانەی عێراق کردەوە.

ف.ق