ئەمریکا گەمارۆیەکی نوێی خستە سەرڕژیمی ئێران

لە چوارچێوەی فشارەکانی بۆ سەر ئێران، دوناڵد ترامپ گەمارۆی خستەسەر پیشەسازی کانزا، کە پیشەسازیی پۆڵا، ئاسن، ئەلەمنیۆم و مس دەگرێتەوە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بە دەرکردنی فەرمانێک کە کۆشکی سپی دەقەکەی بڵاوکردووەتەوە، بۆ دەستپێنەگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و مووشەکە کیشوەربڕە بالستیەکان، پێشەسازی فلزی ئێران لەوانە؛ پۆڵا، ئاسن، ئەلەمنیوم و مس-ی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

لە دەقی فەرمانەکەدا هاتووە: بە پشتبەستن بە ئەو یاسایانەی ئەو دەسەڵاتە دەداتە سەرۆک کۆمار، جەخت لەوە دەکاتەوە بڕینەوەی ڕێگاکانی دەستپێگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالستی و هەروەها وەستانەوە لە بەرامبەر فراوانکردنی هەژموونی خراپی ئێران لە ناوچەکە، هێشتا سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، بڕینی داهاتەکانی ئێران، لەوانە داهاتەکانی لە هەناردەکردنی فلزەکان کە پێدەچێت بۆ بەرهەمهێنان و زیادکردنی چەکە کۆمەڵکوژەکان و پاڵپشتی لە تۆڕە تیرۆریستییەکان، هێرشەکان لە ناوچەکە و گەشەدانی سەربازی بەکار ببرێت، لە سیاسەتی ئەمریکا دایە.

لە دەقەکەدا بە وردی ئەو شتانەی گەمارۆ خراوەتە سەریان، بازنەی گەمارۆکان و سزاکانی پێشلکردنی ئەو گەمارۆیانە خراونەتەڕوو.

هەر دوێنێ حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارێکدا پلانی نوێی وڵاتەكەی لە بارەی كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێكەوتنی ئەتۆمی ڕاگەیاند و وتی: ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناچێتە دەرەوە، بەڵام پابەندبوونی پێیەوە کەمتر دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا یورانیۆمی پیتێندراو و ئاوی قورس نافرۆشێت و ئامادەیە لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا دانووستاندن لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکات.

جێگەی ئاماژەیە، ئەو شتانەی ڕۆحانی ڕایگەیاندووە لەمەو دوا نایفرۆشن، ئەو کەرەستانەیە، کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر دۆناڵد ترامپ گەمارۆی خستبووە سەر و ڕایگەیاندبوو، کە هیچ وڵاتێک بۆی نییە ئەو شتانە لە ئێران بکڕێت.