ئەمنستی: هێرشەکەی بەغدا ٢٠ کوژراو و ١٣٠ برینداری لێکەوتووەتەوە

ئەمنستی ئینترناشنال لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد کە لە ئەنجامی هێرشی چەکدارە نەناسراوەکان لە بەغدا ٢٠ کەس کوژراون و ١٣٠ کەسیش برینداربوون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی "ئەمنستی ئینترناشنال"، ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشەکانی شەوی هەینی ڕابردووی شاری بەغدا بۆسەر خۆپیشاندەران بڵاو کردووەتەوە و بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکان وەسفی کردووە.

ئەمنستی ڕایگەیاندووە زانیارییەکانی لەسەر هێرشەکانی شەوی هەینی ڕابردوو بە پشتبەستن بە وتەی شایەتحاڵەکان کۆکردووەتەوە و ئاماژەشی بەوەداوە کە لەو هێرشەدا، کە لەلایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە ئەنجامدراوە، بە لانیکەمەوە ٢٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٣٠ کەسیش برینداربوون.

لین مەعلوف، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمنستییش ڕایگەیاند: "هێرشەکانی شەوی هەینی ڕابردوو یەکێک لە خوێناویترین کردەوەکان بووە لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی ترساندن، تۆقاندن و توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران".