ئەمڕۆ گۆڕەپانی تەحریری بەغداد،گەورەترین خۆپیشاندانی عێراق دوای رووخانی رژێمی سەدام بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ گەورەترین خۆپیشاندانی عێراقییەکان دوای رووخانی رژێمی سەدام لە گۆرەپانی تەحریر لە بەغدای پایەتەختی عێراق بەڕێوەچوو.

گۆرەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی عێراق، ئەمڕۆ گەورەترین خۆپیشاندانی دوای ڕووخانی رژێمی سەدامی بەخۆوە بینی، سەرچاوەکانی ئاسایشیش رایانگەیاندووە کە هێزەکانی پۆلیس و دژە تیرۆریان لەناو شار کشاندووەتەوە، لەبەر ئەوەی هەست بە هەڕەشەی ئاسیایشی نەکراوە.

وێڕای ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات، هاوکات لە پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشور عێراقیش خۆپیشاندان بەردەوامە.

لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە، لە زۆربەی شارەکانی عێراق خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، هاوکات بەهۆی خۆپیشاندانەکان سەدان کەس کوژران و هەزارانیش بریندار بوون.

هەروەها خۆپیشاندەران لە بەشێک لە شارەکانی باشووری عێراق، دەستیان گرت بەسەر بارەگا حزبییەکان و بەشێک لە بارەگای حزبە سیاسییەکانیان سووتاند و چەند ئەندامێکیشیان کوشتن، هەروەها بۆ ماوەیەک دەستیان گرت بەسەر بەندەری بەسرە.

خۆپیشاندانەکە سەرەتا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەستیپێکرد و داوا لە حکومەتی ئێستای عێراق کرا کە دەست لەکار بکێشێتەوە و حکومەتی کاربەڕێکەر دروست بکرێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

دواتر لە بەشێکی زۆری خۆپیشاندانەکان داوای نەهێشتنی دەستێوەردان و هەژموونی ئێران کراوە لەناو حکومەتی عێراق.

شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە گۆڕەپانی تەحیری، کردەوەی توندوتیژی زۆر ئەنجام درا و خۆپیشاندەران ویستیان دیواری پردی کۆماری بشکێنن و بپەڕنەوە بۆ ناوچەی سەوز.

ک-ش