بەرهەم ساڵەح عادل عەبدول مەهدى بۆ پێکهێنانى حکومەت نوێی عێراق ڕاسپارد

دکتۆر بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراق، عادل عەبدول مەهدى بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق ڕاسپارد.

بەرهەم سالەح دواى ئەوەى لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقەوە هەڵبژێردرا،عادل عەبدول مەهدى، بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق ڕاسپارد.

بەپێى ڕێکارە دەستوورییەکان، عادل عەبدول مەهدى، پێویستە لەماوەى ٣٠ ڕۆژدا کابینەى نوێى حکومەتى عێراق پێکبهێنێت، ئەگەرنەیتوانى، سەرۆک کۆمار، لەماوەى ١٥ ڕۆژدا کەسێکى دیکە لە گەورەترین هاوپەیمانى نێوئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەى لەماوەى ٣٠ ڕۆژدا حکومەت پێکبهنێت.

عادل عەبدول مەهدى، کەسایەتییەکى سیاسى سەربەخۆى نێو شیعەکانە، لەساڵى ١٩٤٢ لەدایک بووە، لە سەرەتاى گەنجیدا، تێکەڵ بە سیاسەت بووە، ئەندامى سەرکردایەتى ئەنجومەنى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى عێراق بووە، لەساڵى ٢٠٠٥، دەبیتە جێگرى سەرۆک کۆمارى عێراق، لەساڵى ٢٠١٤ دەبێتە وەزیرى نەوەتى عێراق.