بەغدا داوای شاندێک لە واشنتۆن دەکات بۆ کشانەوەیان لە عێراق

عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق، داوای رەوانەکردنی شاندێکی لە واشنتۆن کرد بۆ ئەوەی کشانەوەی سوپاکەیان ڕێک بخات.

دوای هێرشی ٣ی کانونی دووەم لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا کە ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، لەم چوارچێوەیەش عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق درەنگانی شەوی پێنج شەممە پەیوەندی بە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق، عەبدولمەهدی داوای لە پۆمپیۆ کردووە: "بۆ ئەوەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بکرێت، بۆ میکانیزمی کشانەوەکە نوێنەر رەوانەی عێراق بکەن".

لە عێراق نزیکەی ٥٢٠٠ سەربازی ئەمریکی هەن، دوای بڕیاری کشاندنەوەی سەربازەکانی ئەمریکا، دەوترێت کە داوا دەکرێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە لە ٧٤ وڵات پێکهاتووە، لە عێراق بکشێتەوە.