بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە تورکیا ٩ کەس گیانیان لەدەستداوە

فەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣١١ کەسی تر لە تورکیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بون و تاوەکو ئێستا ٩ کەسیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

کۆجا لە تویتەرەکەیدا بڵاویکردووەتەوە "لە ماوەى ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پشکنین بۆ ٣ هەزار و ٦٥٦ کەس کراوە و لەو ژمارەیە ٣١١ کەسیان تووشبوی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەوەش ژمارەى توشبوان گەیشتووەتە ٦٧٠ کەس".

کۆجا باسی ئەوەشیکردووە "٥ توشبوو بەهۆی لاوازیی جەستەیان و تەمەنی زۆریانەوە گیانیان لەدەستداوە. بە گشتی ٩ کەس لە تورکیا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە".

بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەى ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ژمارەى توشبوان و ئەو کەسانەى لە تورکیا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە ٢ هێندە زیادی کردووە، چونکە دوێنێ ١٦١ کەس توشی کۆرۆنا بوو بوون و ژمارەى توشبوان گەیشتبووە ٢٥٦ کەس و ٤ کەسیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەستدابوو.

ژ.ت