تالیبان هێرشی کردە سەر ناوەندی کۆماندۆی ئەفغانستان

تالیبان بە بارهەڵگرێکی پڕ لە تەقەمەنی هێرش کردە سەر ناوەندێکی سەربازی باکووری ئەفغانستان و بە پێی وتەی بەرپرسانی ئەفغانستان ٣ بەڵام تالیبان دەڵێت ٦١ کەس کوژراون.

بەپێی سەرچاوە ئەمنیەکانی ئەفغانستان، بارەگاکەی پارێزگای بەلح بارەگای کۆماندۆ بووە و باسی ئەوەیان کرد کە بەرلەوەی بارهەڵگرەکە بگاتە ئامانجەکەی تەقێنراوەتەوە.

هەمان سەرچاوەکان ئەوەیان خستەڕوو کە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر خەڵكی مەدەنی کوژراون. هەروەها چەندین باڵەخانە و ماڵیش ڕووخاون و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.

بەپێی سەرچاوە سەربازیەکان ٣ کەس کوژراون کە دووانیان خەڵکی مەدەنین و ٤١ کەسیش برینداربوون کە ٣٥ کەسیان مەدەنین.

تالیبان بەرپرسیاری هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند ٦١ سەربازی ئەفغانی کوژراون.

زەبیحوڵلا ماجاهید وتەبێژی تالیبان ئاشکرای کرد کە هێرشەکە تۆڵەیەکە بۆ پارچەکردنی ئەندامانی تالیبان لە شاری زابول و بەلح.

ف.ق