تاڵیبان بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی غەزنەی لە ئەستووگرت کە ٤٧ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری 'غەزنەی' ئەفغانستان بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ٤٧ کەس و تالیبانیش بەرپرسیاسی خۆی لەو تەقینەوەیە ڕاگەیاند.

لە شاری غەزنەی باشوری ئەفغانستان، تەقینەوەیەکی بەهێز لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ڕوویدا.

بازمحەمەد همەت، سەرۆکی نەخۆشخانەی غەزنەی ڕایگەیاند کە تەقینەوەکە پێنج کوژراو و ٤٢ برینداری لێکەوتووەتەوە، کە هەموویان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئەفغانستانن.

بەڵام بە پێی هەندێک سەرچاوەی تر ٧ کەس لە تەقینەوەکەدا کوژراون و ٤٠ کەس برینداربوون.

دوای چەند کاتژمێرێک لە تەقینەوەکە بزووتنەوەی تاڵیبان بەرپرسیارێتی ڕووداوەکەی لە ئەستۆ گرت.

بەپێی بەیاننامەیەکی تاڵیبان، هێرشەکە دوای ڕێککەوتنی هەردوو سەرۆک عەبدوڵا عەبدوڵا و ئەشرەف غەنی دێت بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان لەو بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە، هێرشەکە وەک پەیامێک بووە بۆ حکومەتی نوێ تا هەنگاوەکانی خێراتر بکات بۆ ئازادکردنی گیراوەکانی تاڵیبان و دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان.

هەروەها هۆشداری ئەوەشیانداوە کە ئەم دەسەڵاتەی هەیە، ئەزموونی ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە، بەڵام پێویستە ڕاستگۆ بێت لە دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی درووست بۆ ئەو پرسە و گیراوەکانیان ئازاد بکات.

ف.ق