تڕەمپ: لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ تالیبان چاوپێکەوتن ئەنجامدەدەم

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ تالیبان ڕێکەوتن ئیمزاکرا، لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ بەرپرسانی تالیبان چاوپێکەوتن ئەنجامدەدەم.

دۆناڵد تڕەمپ لە کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، من خۆم لەگەڵ بەرپرسانی تالیبان کۆدەبمەوە.

تڕەمپ ئاماژەی بەوەکرد، تالیبان دەیەوێت پیشانی بدات، بە ئەنقەست دژایەتی ناکەن و وتی، "ئەگەر دۆخەکە تێکبچێت منیش دەگەڕێمەوە".

دوای ئەوەی جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕێککەوتنەکانی ئەمریکا و تالیبانی رەخنە کرد، تڕەمپ ڕایگەیاندبوو، دوای ١٩ ساڵ نابێت کەس ئەم ڕێککەوتنە رەخنە بکات، شتێکی بێوێنەمان بۆ جیهان کردووە.

تالیبان و ئەمریکا لە دەوحەی قەتەڕ دوای ١٩ ساڵ لە جەنگ ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد. ڕێککەوتنە لەبارەی کەمکردنەوەی شەڕ و توندوتیژی ئیمزاکرا.

لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ژمارەی سەربازەکانیان لە ئەفغانستان لە ناو ١٣٥ ڕۆژدا بۆ ٨ هەزار و ٦٠٠ سەرباز کەم دەکەنەوە. ئەو هێزانەی کە دەمێنن لە ماوەی ١٤ مانگدا دەکشێنەوە.

بە پێی ڕێککەوتنەکە هەروەها دیلەکان ڕادەستی یەکتری دەکرێنەوە. باسی لەوە دەکرێت بە هەزاران دیل لە دەستی تالیبان و ئەمریکادا هەن.

بە پێی ڕێککەوتنەکە ١٠ی ئازار دانوستانی ئاشتی لەنێوان حکومەتی ئەفغانستان و تالیباندا دەستپێدەکەن. بەلام هێشتا چوارچێوە و شێوەی پڕۆسەکە نادیارە.

ف.ق