خۆپیشاندەرانی عێڕاق لە لوتکەی توڕەییدان

خۆپیشاندان لە تەواوی عێڕاق بەردەوامە و ئەمڕۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند لە بەغداد و زیقار ١٢ خۆپیشاندەر کوژراون هەروەها ٢٣٠ کەسی دیکەش بریندارن.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی عێڕاق ئەمڕۆ یەکشەمە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردوەوە، لە شاری بەغداد و زیقار ١٢ خۆپیشاندەر کوژراون و ٢٣٠ خۆپیشاندەریش بریندارن، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد ٨٩ حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمارکراوە، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات لایەنەکان کۆنتڕۆڵی خۆیان لەدەست داوە و تەواوی مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردوە و داوای لە لە لایەنەکان کرد ئەم پێکدادانە لەگەڵ خۆپیشاندەران ڕابگیرێت و بە شێوەیەکی دیموکراسییانە چارەسەری بارودۆخەکە بکرێت.

بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێڕاق بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرۆکی حزبی حیکمە عەماڕ حەکیم کۆدەبێتەوە.

ڕاگەیاندنی مەکتەبی سەرۆک کۆمار لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێڕاق چاوی بە سەرۆکی حزبی حیکمە عەمار حەکیم کەوت و لەسەر بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێڕاق گفتوگۆیان ئەنجام داوە.هەروەها ئەوەشیان خستە ڕوو لە ئێستادا کاری لە پێشینە دروست کردنی حکومەتێکی نوێیە کە وەڵامدەرەوە بێت بۆ داواکانی گەلی عێڕاق و دواکاریەکانیان وەکو خۆی بەجێ بهێنێت.

ز.ش