'دەبێت حکومەت واز لە هەڵوێستی شەڕ بهێنێت'

حزب و پارتەکانی ناو رێکەوتنی کوردستانی لە دژی ئۆپڕاسیۆنی پاکتاوی سیاسی کە لە بەرامبەر هەدەپە بەڕێوە دەچێت، ناڕەزایەتیەکی توندیان پیشاندا و ئیدانەیان کرد. جەختیشیان کردەوە کە دەبێت دەوڵەتی تورک واز لە هەڵوێستی شەڕ بهێنێت.

رێکەوتنی پارتە کوردستانیەکان کە پێک دێت لە دەبەپە، دەدەکەدە، پی.ئی.ئا و کەدەپە-تە و کەدەپە-باکور، پارتی ئازادی و کەکەپە، لە بارەی ئۆپڕاسیۆنی پاکتاوی سیاسی کە دەوڵەتی تورک لە دژی هەدەپەی بەڕێوەی دەبات، راگەیێنراوێکیان بڵاو کردەوە.

راگەیێنراوەکەی رێکەوتنی کوردستانی بەم شێوەیەیە:

"لە بەرواری ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا بووین بە شاهیدی ئۆپڕاسیۆنێکی دوور لە پێوانە یاسایی و دیمۆکراسیەکان کە لە دژی ٨٢ کەسایەتی سیاسەتمەدار بەڕێوە چوو کە زۆربەیان سیاسەتمەداری هەدەپەن.

سیاسەت و سیستمی فەرمی لە تورکیا رۆژ بە رۆژ دوور دەکەوێتەوە لە دیمۆکراسی و ماف و ئازادی مرۆڤ و وابەستەبوون بە یاساکانەوە. لە تورکیا هۆشمەندی سیاسەتی تاکەکەسی و ئەو زوڵم و زۆرداریەی لە دژی ئۆپۆزیسیۆن و بە تایبەتی لە دژی کورد بەڕێوە دەچێت، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. ئەم رووداوانە تاکڕەوی تورکیامان دێنێتەوە یاد.

نزیکەی ١٠٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕی، بەڵام لە تورکیا تا ئێستاش ئەم هەڵوێستە بەردەوامە. ئەم سیاسەتە دەیەوێت دژایەتی و دوژمنایەتی ناو کۆمەڵگای قوڵتر بکاتەوە. چونکە خاوەنی ئەو هۆشمەندیەیە کو هەبوون و مانەوەی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی لایەنەکان و دروستکردنی ئاڵۆزی دەبینێت، بەڵام ئیدی رای گشتی و کەس و لایەنە دیمۆکراسیەکان لە تورکیا و زۆربەی کوردەکان هۆشیار بونەتەوە و دەزانن راستیەکە چیە و بچوکترین دەرفەت لەدەست نادەن.

گومان لەوەدا نیە کە کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان دەگەن بە مافەکانیان. مێژوو شاهیدە و جیهانیش ئەوە دەزانێت کە گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا هیچ کات دوژمنایەتی نەتەوەیەک یان گەلێکی نەکردووە و ناشیکات. هەروەها مرۆڤ دەتوانێت ئەوەش بڵێت کە، لە قۆناغێکی وەها گرنگدا دەبێت هەست و رامانە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە هەموو کات زیاتر پەرە بسەنێت. ئێستا ئێمە لە سەردەمێکی وەهادا تێدەپەڕین.

ئێمە وەکو هێز و لایەنە کوردیەکان تەنها داوای مافە رەواکانی خۆمان دەکەین و پشتیوانی ئەو کەس و لایەنانەش کە مافەکانیان پێشێل کراون. ئێمە هیوادارین کە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا واز لەم هەنگاوانەیان بهێنن و بگەڕێنەوە.

بانگەوازیەکیش ئاڕاستەی هەموو بەرپرسانی تورکیا دەکەین کە، دوور نەکەونەوە لە دیمۆکراسی و رێگای دیالۆگ ئاستەنگ نەکەن و رێگای دانوستانەکان بە کراوەیی بهێڵنەوە و رێگاچارەی مەدەنیانە و ئاشتیانە بگرنەبەر. بە توندوتیژی و بە فشار و تیرۆریزەکردن، دۆز و داواکا کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان چارەسەر ناکرێن. رووداو و بەسەرهاتەکانی سەد ساڵی رابردووش ئەمەیان سەلماندووە.

داواکارین لە هەموو لایەنەکان بە دوای رێگاچارەی ئاشتیانە و مەدەنیانەدا بگەڕێن و یاسا نێودەوڵەتیەکان بە بنەما وەربگرن."

ز.ش