دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە مامۆستایانی قوتابخانەی پارێزگاکانی ئێران

له ئەنجامی مانگرتنی مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ژمارەیەک لە مامۆستای مانگرتوو لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کران.

دوێنێ ١٠ی ئەیار/٢٠ی بانەمەڕ، مامۆستایانی ناڕازی لە سەرتاسەری پارێزگاکانی ئێراندا بە هاتنە سەر شەقام، ناڕەزایەتی خۆیان لە سەر باری گوزەران و ژیانیی مامۆستایان دەربڕی.

مامۆستایان لە شارەکانی تاران، ساری، کرماشان، قورووە، دیواندەڕە، شیراز، کازروون، ئیسفەهان، مەریوان، تەورێز و خۆڕەم ئاوا لە هەمبەر خرابی ژیان و گوزەڕانیان ڕژانە سەر شەقام و دەستیان دایە مانگرتن.

لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستایان بە چوونە بەردەم ناوەندی  پەروەدە و بە هەڵگرتنی پلاکارد و نووسراوە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆخی خراپی مووچە و ژیانی خۆیان دەبڕی.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا که لە بەردەم بینای پەروەردەی شارەکانی ئێران و ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە بەڕێوەچوو، مامۆستایان بەرەو ڕووی هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئینتزامییەکان بوونەوە و لەو پەیوەندییەدا، چەندین مامۆستا دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئامارەکان، لە وڵاتی ئێراندا نزیک بە ١ میلیۆن و نیو مامۆستا ئەرکی وانە وتنەوەیان بە ١٤ میلیۆن قوتابیان لە ئەستۆیە.

ک-ش