رابەری ئایینیی ئێران لێبوردنی بۆ ١٠ هەزار زیندانی دەرکرد

لە ئێران بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەشێکی زۆر لە زیندانییەکان مۆڵەتی چوونە ماڵەوەیان پێدراوە. بە بۆنەى هاتنی نەورۆزیشەوە لێبوردن بۆ ١٠ هەزار زیندانیى تر دەرکرا.

بەپێی هەواڵێکى تەلەفزیۆنى دەوڵەتى ئێران، غولامحوسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەزگای دادوەریی ئێران رایگەیاندووە، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری ئایینی لێبوردنی بۆ ١٠ هەزار زیندانی دەرکردووە. ئەو زیندانییە سیاسییانە بەر ئەو لێبوردنە کەوتوون، کە سزاکەیان کەمترە لە ٥ ساڵ سزای زیندانیکردن.

ئیسماعیلی راشیگەیاندووە، ئەوە گرنگترین لێبوردنە لە وڵاتدا بۆ زیندانییە سیاسییەکان.

ئەوەشی راگەیاندوە، ئەو کەسانەى بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لێبوردنیان بۆ دەرکراوە و ئازادکراون جارێکیتر ناگەڕێندرێنەوە بۆ زیندانەکان.

رژێمی ئێران ماوەیەک لەوە پێش بڕیاری دابوو، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ٨٥ هەزار زیندانی بەشێوەى کاتی ئازاد بکات.

بەپێى راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زیندانەکانى ئێراندا ١٨٩ هەزار و ٥٠٠ کەس زیندانیکراون. سەدان کەسیش لەو هاووڵاتییانەیان لە ناودایە کە لە راپەڕینەکەى مانگی گەڵاڕێزان / تشرینی دووەمدا دەستگیرکرابوون.

ژ.ت