رێکخراوى تەندروستیی جیهانی بانگەوازێکى بۆ وڵاتانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە

ئەحمەد ماندهاری بەڕێوەبەری ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) داوای لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد لە چوارچێوەى بەرەنگاربوونەوەى پەتای کۆرۆنادا زیاتر زانیاری بە (دەبلیو. ئێچ. ئۆ. WHO) بدەن.

دکتۆر ئەحمەد ماندهاری لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "کاتێک ئێمە بتوانین دەستمان بە زانیارییەکان بگات ئەو کاتە ئێمە دەتوانین نەخۆشییەکە کۆنترۆڵ بکەین".

ماندهاری ناوی ئەو وڵاتانەى نەهێنا، کە داوایکرد زانیاریی دروست بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بدەن، بەڵام رایگەیاند، تاوەکو دوێنێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ١٨ هەزار و ١٩ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو بوون، کە نیوەیان لە ئێراندایە.

ماندهاری ئەوەشی وت "سەرباری ئەو رێوشوێنانەى گیراونەتەبەر، بەڵام رۆژ لە دواى رۆژ ڤایرۆسەکە زیاتر بڵاودەبێتەوە".

ماندهاری وتیشی "ئێمە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو پەتایە پێویستیمان بە پابەندبوونی خێرای حکومەتەکان و پێشکەشکردنی چڕوپڕی خزمەتگوزاریی تەندروستی و گشتیی بۆ کۆمەڵگە هەیە، چونکە تا ئێستاش دەرفەتی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە ماوە".

ژ.ت