سوپای پاسداران چەند شوێنێكی سووریای مووشەکباران کرد

سوپای پاسداران ڕایگەیاند، کە چەند خاڵێکی لە ڕۆژهەڵاتی فوراتی مووشەکباران کردووە، کە "پێگەی پلانداڕێژانی هێرشەکەی ئەم دوواییانەی سەر ئەهواز بوون".

 

بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکانی ناوخۆی ئێران، سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بانگەشەی مووشەکبارانی ژمارەیەک لە پێگەکانی داعشی کردووە لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە سوریا.

سوپای پاسداران ئاشکرای نەکردووە کە مووشەکەکانی لە کوێوە هاویشتووەتە سەر ئەو بنکانە، بەڵام هەندێک ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشانی دەدەن کە چوارمووشەک لە کرماشانەوە هاویشتراون.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە مووشەکەکان هەر لە پارێزگای کردماشان کەوتووەتە خوارە.

جێگای ئاماژەیە، کە ١٠ ڕۆژ پێش ئێستا، لە ئەنجامی هێرشی چوار چەکدار بۆ سەر نمایشێکی سەربازی لە ئەهواز، ٢٥ سەرباز کوژران، دواتر چەتەکانی داعش بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرت، بۆ ئەوەش سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردووە، کە "پێگەی پلانداڕێژانی هێرشەکەی ئەم دوواییانەی سەر ئەهواز بوون".

ک-ش