سەرچاوە ئەمریکییەکان: ئێران مووشەکێکی تاقیکردووەتەوە

سەرچاوەیەک لەناو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە ڕایانگەیاند، ئێران مووشەکێکی باڵستیی تاقیکردووەتەوە کە توانای بڕینی هەزار کیلومەتری هەیە.

ئەمڕۆ ڕۆژنامە وئاژانسە هەواڵنێرییەکانی ئەمریکا  بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانیان لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئاشکرایان کردووە کە ئێران مووشەکێکی باڵستیی تاقیکردووەتەوە.

بە گوێرەی زانیاریی ئەو سەرچاوانە ئەو تاقیکردنەوەیە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجامدراوە، ئەوەشیان وتووە کە ئەو مووشەکە لە جۆری وشکانیی بە وشکانیی بووە.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، کە ئەو مووشەکە لە باشوری ئێرانەوە هاوێژراوە بەرەو تارانی پایتەخت و مەودای زیاتر لە هەزار کیلۆمەتری بڕێوە، بەڵام مەترسییەکی لەسەر کەشتیوانی لە کەنداو دروست نەکردووە.

هەروەها وتراوە کە ئەو مووشەکە، مووشەکێکی بالستی بووە لە جۆری "شەهاب-٣".

هەتا ئێستا نە کاربەدەستانی ئێران و نە کاربەدەستانی ئەمریکا هیچ ڕاگەیندراوێکی فەرمییان لەم بارەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

هەواڵی ئەم تاقیکردنەوەیە لەکاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار و ئەمریکا و بەریتانیا هێزیان لە کەنداو ئامادەیە و چەند وڵاتێکی دیکەش ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی هێز بۆ ناوچەکە ڕاگەیاندووە.

ک-ش