شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستیپێکردەوە

پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کە لە دوێنێیەوە دەستیپێکردووە بەردەوامە و کاربەدەستانی ئەرمینیا دەڵێن سنوورەکانیان هەر ١٥ بۆ ٢٠ خولەک جارێک لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە تۆپباران دەکرێت.

بە پێی ئامارەکان لە شەڕی یەکشەمەدا زیاتر لە ٤ کەس کوژراون کە ٣ کەسیان سەربازی ئازەربایجان و کەسێکیان سەربازی ئەرمینیایە.

بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان شەڕەکە لە هەرێمی تاڤوشی نێوان هەردوو وڵات ڕوودەدات.

ئەرمینیا سەربازانی ئازەربایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە سنووری وڵاتەکەیان بەزاندووە و لە بەرامبەردا ئازەربایجان سوپای ئەرمینیا تۆمەتبار دەکات بە شکاندنی ئاگربەستی نێوانیان لە ڕێگەی هاویشتنی تۆپەوە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٨٨ـەوە، لەسەر کێشەی قەرەباغ و ڕاگەیاندنی خۆبەڕێوبەری ئەو ناوچەیە دەستیپێکرد و بووە هۆی شەڕ و ئاڵۆزی جۆراوجۆر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە تا ساڵەکانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٤، هەرچەند بە نێوەندگیری ڕوسیا، ئەمریکا و فەرەنسا، شەڕەکە کۆتاییپێهات، بەڵام تا ئێستا ئەو کێشەیە چارەسەر و یەکلایی نەبووەتەوە.

ف.ق