فەرماندەی بەسیجی شاری دارخوین کوژرا

میدیاکانی ناوخۆی ئێران ڕایانگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەمە) ٢٢ی کانونی دووەم، (عەبدولحسێن مەجدەمی) فەرماندەی بەسیج لە شاری دارخوینی سەر بە پارێزگای خوزستان لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژراوە.

ئاژانسی ئەمنی فارسی سەر بە سوپای پاسداران کوشتنی (عەبدولحسێن مەجدەمی) فەرماندەی بەسیج لە شاری دارخوینی سەر بە پارێزگای خوزستان لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە پشتراست کردەوە.

بە پێی زانیاریەکان فەرماندەکەی بەسیج لە لایەن ژمارەیەک چەکدارەوە لە ماڵەکەیدا کوژراوە.

کەناڵی ناوخۆیی خوزستان کە سەر بە میدیای فەرمی ئێرانە ئاماژەی بەوەدا، فەرماندە کوژراوەکە، سەر بە سوپای قودس بووە و هاورێیەکی نزیکی قاسم سولەیمانی بوو.

داواکاری گشتی خوزستان ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی تایبەت لیکۆلینەوە لەسەر دۆسیەی کوشتنی فەرماندەی بەسیجی دارخوین دەکەن.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاری کوشتنی ئەو فەرماندەیەی لە ئەستوو نەگرتووە.

ف.ق