لوبنان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرناوە سنوورەکانى داخست

هاووڵاتییانی لوبنان ناچارن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەى ٢ هەفتە لە ماڵەوە بمێننەوە. فڕۆکەخانەى نێونەتەوەیى، بەندەرەکان و خاڵە سنوورییەکانیش بەشێوەى کاتی و بۆ ماوەیەک دادەخرێن.

مەنال عەبدولسەمەد وەزیری راگەیاندنی حکومەتى لوبنان بڕیارەکانى حکومەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە ناچاری دەبێت هاووڵاتییان لە ماڵەوە بمێننەوە و تەنها بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نابێت لە ماڵەوە بێنە دەرەوە. ئەو رێوشوێنە بۆ کەرەنیتنە بە لانیکەمەوە تاوەکو ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٠ بەردەوامیی دەبێت.

لوبنان ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانیشتوی هەیە و یەک ملیۆن پەنابەری سوریش لەو وڵاتەدان. لە لوبنان تاوەکو ئێستا ٩٩ کەس تووشبونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشتڕاست کراوەتەوە و ٣ کەسیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە چوارچێوەى رێوشوێنەکان لە  دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فڕۆکەخانەى نێونەتەوەیى بەیروت لە سبەی چوارشەمەوە تاوەکو ٢٩ی ئادار دادەخرێت. هەروەها هاتوچۆکردن لە بەندەرەکان و سنووری دەریاییەوە بۆ ماوەیەکى کاتی قەدەغە دەکرێت.

هاوکات جگە لە فڕنەکان و نانەواخانەکان و کۆمپانیاکانى خۆراک هەموو کۆمپانیا و شوێنە گشتی و بازرگانییەکانى تر دادەخرێن.

هەروەها پێشبڕکێ وەرزشییەکان، یانە شەوانەکانیش دادەخرێن. کۆنسێرتەکان و چالاکییە هونەرییەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە. بانکەکان کراوە دەبن و لانیکەمی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

بەرپرسانی شیعە و سونە لە لوبنان نوێژی هەینییان لە مزگەوتەکان و کۆبوونەوە بۆ نوێژ لە شوێنەکانى تر راگرتووە و ئەوەش تاوەکو دەرکردنی بڕیارێکى تر درێژەى دەبێت.

ژ.ت