لەبەر ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت، بە چەقۆ کوژرا

گەنجێکی کورد بە ناوی بارش چاکان لە ئەنقەرە، لەبەرئەوە گوێی لە گۆرانی کوردی دەگرت، بە چەقۆ کوژرا.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی میزۆپۆتامیا گەنجێکی ٢٠ ساڵ بە ناوی بارش چاکان کە خەڵکی ناوچەی پاتنۆسی ئاگریبوو گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، بەڵام کاتژمیر ٢٢:٣٠ لە گەڕەکی ئالسانجاکی ناوچەی ئەتیمەسگوتی ئەنقەڕە هێرش کرایە سەری و چەقۆیەکیان لەدڵیدا و کوشتیان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەلە خانەوادەکەی بەدەستهێنراوە، بارش چاکان لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی سەردانی هاوڕێکانی لە پارکی گەل بکات، بەڵام لە ڕێگادا بەهۆی ئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتووە، ڕووبەڕووی هێرشی ٣ کەس بووەتەوە.

باسی ئەوە دەکرێت ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر بارش چاکان و هاوڕێکانی خەڵکی شارەکانی یۆزگات، کرککالە و تۆکاتن. لەبارەی ناو و ناونیشانی هێرشبەران هیچ زانیاریەک بڵاونەکراوەتەوە.

لە ئەنجامی هێرشەکەدا بارش چاکان لە دڵێ خۆی بریندار دەبێت و لە شوێنی ڕووداوەکە گیان لەدەستدەدات. هەرسێ هێرشبەرەکە دوای ڕووداوەکە دەستگیرکراون.

دۆغان چاکان ڕایگەیاند، تەرمی ئامۆزاکەی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و ئەمڕۆ بەخاکدەسپێردرێت، هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە جارێکیتریش لەبەرئەوەی گوێی لە گۆرانی کوردی گرتبوو، بارش چاکان ڕووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستی ببووە.

ف.ق