لە ئێران ١٥ کەسی تر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا

لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئێران ١٥ کەسی تر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا و بەوەش تا ئێستا بەپێى ئامارە فەرمییەکان لە ئێران ١٠٧ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

کیانوش جەهانپور وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیى ئێران رایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئێران گیانیان لەدەستداوە لە ٩٢ کەسەوە بەرزبووەتەوە بۆ ١٠٧ کەس.

یەکێک لەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە، حوسێن شێخولئیسلام باڵیۆزی پێشووی ئێران لە سوریا و راوێژکاری وەزارەتى دەرەوەى ئێران بووە.

بەپێى هەواڵێکى تەلەفزیۆنى دەوڵەتى ئێران، شێخولئیسلام دوێنێ ئێوارە لە نەخۆشخانەى مەسیح دانشوەر لە تاران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانى لە دەستداوە.

ژمارەیەکى زۆر لە پەرلەمانتارانى ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو پەرلەمانتارانى ئێراندا پەرەى سەندووە و بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا پەرلەمانتارێکى ئێران گیانی لەدەستداوە و بە وتەی عەبدولڕەزا میسری جێگری سەرۆکی پەرلەمانى ئێران ٢٣ پەرلەمانتار تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام دوێنێ پەرلەمانتارێکى تریش تووشی ڤایرۆسەکە بووە و بەوەش ژمارە ئەو پەرلەمانتارانەى ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون گەیشتووەتە ٢٤ پەرلەمانتار.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆی ٣١ پارێزگای ئێران لە ٣٠ پارێزگای ئەو وڵاتەدا بڵاوبووەتەوە. بە زۆری ڤایرۆسەکە لە تاران، قوم، ئیسفەهان، ئەراک، مازەندەران و گیلان بڵاوبووەتەوە.

بەپێى ئامارە فەرمییەکان تاوەکو ئێستا ٣٥١٣ کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٠٧ کەسیش بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەستداوە، کە ژمارەیەک بەرپرسی حکومەتى ئێران و سوپای پاسدارانیشیان لە ناودایە.

ژ.ت