لە ئەفغانستان فڕۆکەیەک بە ٨٣ سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە

لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان فڕۆکەیەکی نەفەر هەڵگر کە ٨٣ سەرنشینی تێدا بوو، لە پارێزگای گازنی کەوتە خوارەوە.

وتەبێژە پۆلیسی ئەو وڵاتە رایگەیاند، فڕۆکەکە لە کاتژمێر ١٣:٠٠ بە کاتی ناوچەکە کەوتووەتە خوارەوە و وتی، بەهۆی ئەوەی لە ناوچەکە گروپە ناڕازییەکان بوونیان هەیە، بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە نائارامە.

بە پێی هەواڵێکی بی بی سی نیۆز، فڕۆکەکە لە پارێزگای گازنی کەوتووەتە خوارەوە کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای کابولی پایتەختی ئەو وڵاتە.

بەرپرسێکی حکومەتیش رایگەیاندووە، هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە پێدەچێت تەکنیکی بێت.

وتەبێژی پارێزگاری گازینیش دەڵێت، فڕۆکەکە گڕی گرتووە و لە کاتی کەوتنە خوارەوەیدا خەڵکی ناوچەکە هەوڵیان داوە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

بە پێی زانیارییەکان، فڕۆکەکە لە شارۆچکەی دەیەک کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری گازین کەتووەتە خوارەوە. جگە لەو شارە، سەرتاسەری ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارەکانی تالیباندایە.

فڕۆکەکە سەر بە کۆمپانیای گەشتیاری ئاریانا ئەفاغان ئێرلاینە کە تایبەتە بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان. لە بارەی بارودۆخی سەرنشینان تا ئێستا هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.

مانگی گوڵانی ساڵی ٢٠١٠ لە ئەفغانستان فڕۆکەیەکی مەدەنی کەوتبووە خوارەوە و لە ئەنجامدا ٤٣ کەس گیانیان لەدەست دابوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٥یش فڕۆکەیەکی دیکەی گەشتیاری کەوتبووە خوارەوە و ١٠٤ کەس لە سەرنشینانی گیانیان لەدەست دابوو.

ز.ش