لە بەغداد دژی ڕژێمی تورکیا گردبوونەوە و خۆپێشاندان ئەنجام درا

لە بەغدادی پایتەختی ئێراق بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان هاوردەکردنی بەرهەمی تورکی بۆ ئێراق و سیاسەتی دراوسێتەیەتی ڕێمی تورکیا ڕسوا کرا.

ئەمڕۆ ٥ شەممە، لە بەغدادی پایتەختی ئێراق، لە بەردەم وەزارەتی کشتوکاڵ لە شارەکە گردبوونەوە و خۆپێشاندانێکی جەماوەری  دژی فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر حکومەتی ئێراق و هاوردەکردنی بەرهەمی تورکی بۆ ئەو وڵاتەئەنجام درا و داوا لە حکومەتی ئێراق کرا، تا بەهیچ شێوەیەک نەچێتە ژێرباری فشارەکانی تورکیاوە و لە بڕیازی قەدەغەکردنەکەی بەردەوامبێت.

لەوبارەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز زانیاری زیارتی  بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "چەند مانگێک بەرلەئێستا، وەزارەتی کشتوکاڵی ئێراق ڕایگەیاندبوو، کە بەرهەمی هێلکەی ئێراق پێداویستییەکانی ناو بازاڕی وڵاتەکەی دابین دەکات و بۆیە هاوردەکردنی هێلکە لە دەرەوە قەدەغە دەکات. هاوکات هاوردەکردنی چەند بەرهەمێکی دیکەی وەک ماکەرونی و باینجان-یشی قەدەغە کردبوو. بەڵام ڕژێمی تورکیا دژبەری خۆی بۆ قەدەغەکە نیشان دابوو و فاتیح یڵدز باڵیۆزی ئەو ڕژێمە لە ئێراق، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی کردبوو داوای کردبوو ئەو قەدەغەیە هەڵبگیرێت. یڵدز هەروەها دەستپێکی ئەم مانگەش سەردانی بازاڕی بەغدای کردبوو و داوای لە بازرگانەکان کردبوو تا هێڵکەی تورکیا بکڕن، بۆ ئەوەش فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی بە بڕیاری قەدەغەکەیدا بچێتەوە".

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، دوای سەردانەکەی یڵدز، ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە، وەزارەتی کشتوکاڵی ئێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندوە: "ئەو سەردانەی باڵیۆزی تورکیا قبوڵکراو نییە و قەدەغەکەش لانابرێت".

هـ.هـ