لە تاران تەقینەوەیەکى تر روویدا

لە شاری تارانی پایتەختی ئێران درەنگانی شەوی رابردوو تەقینەوەیەکى تر روویدا و بەو هۆیەوە کارەبای هەندێک شوێنی تاران پچڕا.

میدیاکان بڵاویانکردەوە، شەوی رابردوو تەقینەوەیەکی تر لە شاری تارانی پایتەختی ئێران روویداوە و بەو هۆیەوە کارەبای شارۆچکەى قودس لە رۆژئاوای شاری تاران بڕا.

ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران بڵاویکردووەتەوە، تەقینەوەکە کاریگەریی لەسەر شارۆچکەى قودس و گەرمدەڕە هەبووە.

هاوکات کەناڵی ئاسمانیی عەرەبیە بڵاویکردەوە، کۆگا موشەکییەکانى پاسەوانی شۆڕش لەو ناوچەیەدا کراونەتە ئامانج و تەقێنراونەتەوە.

لە ١٠ رۆژی رابردوودا و بەلانیکەمەوە ٥ تەقینەوەى تر لە ئێران روویانداوە. رۆژی ٧ی تەممووز تەقینەوەیەک لە کارگەیەک لە باشووری تاران روویدا و بەو هۆیەوە ٢ کەس گیانیان لە دەستدابوو و ٣ کەسی تریش بریندار بوو بوون.

 رۆژی شەممەى رابردوو ٤ی تەممووز لە شاری ئەهواز لە وێستگەى کارەبای زەرگان دا تەقینەوەیەک رویدا و بەو هۆیەوە ئاگرێکى گەورە لەو وێستگەیەی کارەبادا کەوتەوە و کارەبای بەشێک لە پارێزگای ئەهواز لە باشووری رۆژئاواى ئێران و هاوسنووری بەسرە پچڕا.

لە بەردەوامیی ئەو زنجیرە تەقینەوانەدا رۆژی ٢ی تەممووز لە وێستگەى ئەتۆمیی نەتەنز بۆ پیتاندنی یورانیۆم لە پارێزگای ئیسفەهان و لە ٢٥٠ کیلۆمەتریی باشووری تاراندا تەقینەوەیەکى تری گەورە روویدا، کە بەپێی وێنەى مانگە دەستکردەکان زیانێکى زۆر بەر ئەو وێستگە ئەتۆمییە گرنگەى ئێران کەوتووە.

هەروەها لە رۆژی ١ی تەمموزدا ناوەندی پزیشکیی سینا ئەتهەر لە ناوەڕاستی تاران تەقیبووە و بەو هۆیەوە ١٩ کەس گیانیان لەدەستدابوو و ٣٤ کەسی تریش بریندار بوو بوون.

رۆژی ٢٩ی حوزەیران هەواڵی یەکەم تەقینەوەی ئەمدواییە لە ئێران بڵاوبوویەوە. تەقینەوەکە لە ناوچەى پارچین لە رۆژهەڵاتی تاران روویدا. بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو، هۆکاری تەقینەوەکە کۆگاکانی گازی پارچین بووە، بەڵام بەشێکی تر لە سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە تەقینەوەکە لە وێستگە مووشەکییەکانى پارچین روویانداوە، کە پارچین یەکێکە لە ناوەندە گەورە سەربازی و مووشەکییەکانى ئێران و لە راپۆرتەکانى ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا ناوی هاتووە.

بەپێی بەشێک لە میدیاکانی ئێران و دەرەوەى ئێران تەقینەوەکان دەستی ئێسرائیل و ئەمریکای تیادایە، بەڵام بە شێوەى فەرمی رژێمی ئێران ئەوەى پشتڕاست نەکردووەتەوە و ئیسرائیل و ئەمریکاش لەوبارەیەوە لێدوان و راگەیاندراوی فەرمییان بڵاونەکردووەتەوە.

ژ.ت

 

.....