لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغداد ٥ کەس کوژران و ٦٠ کەسیش بریندار بوون

سەرچاوە ئاسایشییەکانی عێراق ڕایانگەیاند، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدادی پایتەخت، ٥ کەس کوژران کە یەکێکیان کارمەندی ئاسایشە و ٦٠ کەسیش بریندار بوون، هاوکات لە شاری کەربەلاش ٣ خۆپیشاندەر بە گولـلەی هێزە ئەمنیەکانی بەردەم کونسوڵخانەی ئێران کوژران.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بەغدا، ٥ کەس کوژراون و ٦٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە یەکێکی لە کوژراوەکان کارمەندی ئاسایشە.

سەرچاوەکانی هەوال ئەوەشیان بڵاو کردوەتەوە کە بەشێکی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ لە نزیک نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە لە گەڕەکی عەلاوی بەغدای پایتەخت، لەو ناوچەیەش ڕێوشوێنی ئاسایشی تووند گیراوەتەبەر، هاوکات ئەمبۆلانس بینراون کە برینداریان گواستوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوەش ئاپۆرەی خۆپیشاندەران هەوڵیان داوە لە وەزارەتی داد نزیک ببنەوە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بەغدا، لەسەر ڕێگاکانی نزیک وەزارەتەکە بە کردنەوەی ئاگر ڕێگاکانیان داخستووە.

لە دەوربەری وەزارەتی دەرەوەش ڕێوشوێنی ئاسایش و پشتێنەی ئاسایشی چڕ دروست کراوە، مەترسی ئەوە کراوە خۆپیشاندەران ڕووبکەنەوە ئەو ناوچەیە.

ئاژانسەکانی هەواڵ ئەوەیان ئاشکرا کردووە لە ناوچەی عەلاوی و ڕێگەی مۆزەخانەی بەغداد پێکدادانی قورس لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس ڕوویداوە، بە هۆیەوە زۆربەی بریندار و کوژراوەکان لە وناوچەیە پێکراون.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەوالی فرانس پرێس کوژرانی سێ خۆپیشاندەری بە فیشەگ لە بەردەم کۆنسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا ڕاگەیاندووە.

چالاکوانانی عێراق بریاریان داوە لەمڕۆوە تا کاتێکی نادیار مانگرتنێکی سەرتاسەری لە عێراق دەستپێبکەن، ئەوەش بەمەبەستی ئەوە دەکرێت کە گوشاری زیاتر بخەنە سەر حکومەتی عادل عەبدولمەهدی بۆ گوێگرتن لە داواکاری خۆپیشاندەران.

ک-ش