لە لوبنان دوای تەقینەوەکان بەرپرسە حکومیەکان دەستلەکاردەکێشنەوە

یەکەم وەزیری حکومەتی لوبنان دەستیلەکارکێشایەوە، خۆپیشاندەرانیش داوای هەڵوەشانەوەی حکومەت و دوورخستنەوەی سیاسییەکانی وڵاتەکەیان و دادگاییکردنیان دەکەن.

پاش چەند ڕۆژێک لە تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیروت و سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ مەنال عەبدولسەمەد وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان دەستی لەکارکێشایەوە و داوای لێبوردنی لە گەلەکەی کرد، کە لەئاست چاوەڕوانییەکانی ئەواندا نەبووە.

دەستلەکارکێشانەوەی مەنال لە کاتێکدایە، کە تەنها هەشت مانگ بەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان تێدەپەڕێت، ئەوەش دەبێتە یەکەم وەزیری حکومەتەکە و دووەم بەرپرسی حکومی لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی ترێسی شەمعون باڵیۆزی لوبنان لە ئوردن لە ڕۆژی شەشی ئەم مانگەدا.

ئەو باڵیۆزە لوبنانیە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بۆ کەمتەرخەمی بەرپرسانی وڵاتەکەی گەڕاندەوە لە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت و هەمان ڕۆژیش ئوردنی جێهێشت و لەگەڵ تیمێکی سەربازی و تەندروستی گەڕایەوە بەیروت بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گەڕۆکی سەربازی بۆ چارەسەری بریندارانی تەقینەوەکە.

لە دوێنێوە هاوڵاتیانی لوبنان دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان کردەوە و تا ئێستا جگە لە چەند پەرلەمانتارێک، هیچ بەرپرسێکی دیکەی حکومی دەستی لەکارنەکێشاوەتەوە.

ف.ق