لە لیبیا ئاگربەست کۆتاییهات و شەڕ دەستیپێکرد

ئاگربەستی لیبیا کە لە لایەن مۆسکۆ و ئەنقەرە ڕاگەیەنرابوو، کۆتایی هات، حیزەکانی حەفتەر بەرەو شاری میسراتا بەرێکەوتن و شەڕ بەردەوامە.

ڕۆژی یەکشەمە لەنێوان هێزەکانی تەرابلوس کە دەوڵەتی تورک پشتگیری دەکات و هیزەکانی حەفتار کە ڕۆژهەڵاتی لیبیایان کۆنتڕۆڵکردووە، سەرلەنوێ شەڕ دەستیپێکردەوە.

حکومەتی تەرابلوس لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بە دەستپێکردنی شەڕ کرد و دەڵێت، هێزەکانی حەفتار هەوڵی بەدەستهێنانی شاری ئەبوو کوراین دەدەن. باسی ئەوە دەکرێت ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی حەفتار هەروەها بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری میسراتایە کە ١٢٠ کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە.

جەلال هەرشاوی شرۆڤەکار بۆ ئاژانسی ئەسوشێتد پرێس ڕایگەیاند، خەلیفە حەفتەر دەستی بە تاکتیکێک کردووە و دەیەوێت ئەو میلیشیانەی پشتگیری لە حکومەتی تەرابلوس دەکەن بەرەو شاری میسراتا ڕاکێشێت.

بەم شێوەیە ئاگربەستی ١٢ی کانونی یەکەم بە سەرۆکایەتی ئەنقەرە و مۆسکۆ کۆتاییهات و کۆنفڕانسی بەلینیش کە لە ١٩ی مانگ ئەنجامدرا، ئامانجەکانی نەپێکا.

ناردنی چەک بۆ لیبیا بەردەوامە

لەگەڵ ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورک ڕۆژی یەکشەمە ڕایگەیاندبوو، شەڕ لە لیبیا چارەسەری لەگەڵ خۆی ناهێنێت، بەڵام سەرچاوەکان باسی ئەوە دەکەن تورکیا و زلهێزەکان بەردەوامن لە ناردنی چەکی قوڕس بۆ ئەو وڵاتە.

مانوئێل نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایی بەرامبەر دۆخی لیبیا پیشاندا و ڕایگەیاند، بڕیارەکانی کۆنفڕانسی بەرلین پێشێلکراوە و ناردنی چەک بۆ لیبیا بەردەوامە.

دەرهێنانی نەوت ٧٥٪ کەمیکردووە

لە لایەکی ترەوە بە هۆی دژواربوونی شەڕەوە دەرهێنانی نەتو لەو وڵاتە بە ڕێژەی ٧٥٪ کەمیکرد.

هێزەکانی حەفتار کە لە ڕۆژهەڵات باڵادەستن، لە نیسانی ٢٠١٩ەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەرابلوسی پایتەخت دەدەن.

ف.ق