هاپەیمانییەکى بنکەفراوان بە بەشداریی ١٦ لایەن بۆ دروستکردنى حکومەتى نوێى عێراق پێکهێنرا

سەرکردەی شیعە لە عێراق موقتەدا سەدر و سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، هاوپەیمانییەکى بنکەفراوانیان بە بەشداری ١٦ پێکهاتەی سیاسیی بۆ دروستکردنى حکومەتى نوێى عێراق دروست کرد.

هەریەک لە لیستەکانی حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر، لەگەڵ ١٤ پێکهاتەی تری سیاسیی عێراقدا، دوێنێ ئێوارە، لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان ڕێککەوتن. ئەو ڕێککەوتنەش پێش دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی نوێی عێراق هاتە ئاراوە کە بڕیارە ئەمڕۆ ئەو دانیشتنە ئەنجام بدەن.

حکومەتە بنکەفراوانەکە لە ١٧٧ کورسی پێکدێت، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە پەرلەمانی عێراق ٣٢٩ کورسی هەیە.

بەو شێوەیەش حەیدەر عەبادی کە پشتیوانی لە جیهانی ڕۆژئاوا وەردەگرێت و لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، بە بەدەستهێنانی ٤٢ کورسی، حزبەکەی بوو بە سێیەم حزبی براوەی ئەو هەڵبژاردنە، کورسی و پۆستەکەی دەپارێزێت.

ئەمڕۆش پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و بەو پێیەش کە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێی ئەو وڵاتەیە، دەبێت سەرەتا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. بەگوێرەی ڕێباز و ڕێککەوتنی سیاسیی، دەبێت سەرۆکی پەرلەمان سوننە بێت. پاشانیش دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.

پاشانیش، دەبێت پەرلەمان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا، سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵبژێرن. بەگوێرەی ڕێککەوتنی سیاسیش دەبێت سەرۆک کۆمار کورد بێت. دوای ئەوە سەرۆک کۆمار لەماوەی ١٥ ڕۆژدا، بە شێوەیەکی فەرمی دەسەڵاتی جێبەجێکاریی دەدات بە ئەنجومەنی وەزیرانی نوێ.

لە هەڵبژاردنی ١٢ ی ئایاری ئەمساڵدا، لیستی موقتەدا سەدر کە لەگەڵ حزبی شیوعی عێراقی هاوپەیمانی بەستبوو، بە ٥٤ کورسی، بوو بە حزبی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە. جگە لە لیستەکانی سەدر و عەبادی، لیستی هاوپەیمانی نوێی ئەیاد عەلاویش بە ٢١ کورسییەوە لە ناو ئەو هاوپەیمانییەدایە.

ر.م