هێزی كڵاوشینەكان هەڵوەشێندرایەوە

موقتەدا سەدری سەرۆكی ڕەوتی سەدر هەڵوەشاندەوەی هێزی کڵاوشینەکانی ڕاگەیاند، کە پێشتر بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران دروستیکردبوو، هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر حکومەت بکەوێتە ژێر فشاری حزبەکانەوە ئەوان دژی دەوەستنەوە.

موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، پەیامێکی چوارخاڵی لەبارەی خۆپیشاندانەکان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە بڵاوکردەوە.

خاڵەکانی پەیامەکەی سەدر بەم شێوەیەیە:

  1.  دەبیستین بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی كاتی، فشاری حزبی خێڵگەرایی هەیە، كە ئەوەش بەو واتایە دێت كە بڕوامان پێی نەمێنێت و سەردەكێشێت بۆ دوركەوتنەوەمان لەو حكومەتە و ڕەتكردنەوەی، پاش ئەوەی بێدەنگبوین لەوبارەیەوە، چونكە تا ئێستاش ئێمە داواكاریی ئەنجامدانی چاكسازین.
     
  2.  بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستم گەیشتووە، شۆڕش و خۆپیشاندانەكان وردە وردە خەریكە دەگەڕێنەوە بۆ بنەماكانی سەرتای خۆی، سەرەڕای هەبوونی پێشێلكاریی لەلایەن چەند تێكدەرێكەوە، بەڵام هیوام بە خۆپیشاندەرانە كە ئەو جۆرە كەسانە دوردەخەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوەشاندنەوەی كڵاوشینەكان ڕادەگەیەنم، ڕێگەشنادەم بە هەبوونی هیچ ڕەوتێك لەژێر ئەو ناوەدا لەنێو خۆپیشاندەران، تەنها لەكاتێكدا نەبێت كە ببێتە بەشێك لەوان.
     
  3.  هەندێك لەخۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز توانیویانە مەترسییەكان دوربخەنەوە و بەهێزانە خۆیان لە توندوتیژ و تێكدەران بەدوربگرن، منیش پشتیوانی لەوەدەكەم و داوا لەهێزە ئەمنییەكان دەكەم لەلایەك تێكدەران دوربخەنەوە و لەلایەكی دیكەوە پارێزگاری لەخۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بكەن بەرامبەر هەرلایەنێك بیەوێت هێرشبكاتە سەریان، تەنانەت ئەگەر لایەن و ڕەوتەكەی من بن و ستەمیان لێبكەن.
     
  4.  تائێستا چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی ڕووداوی مەیدانی سەدرین-ی نەجەف دەكەم تا ئەركی شەرعی و نەتەوەیی خۆم جێبەجێبكەم.

هەفتەی ڕابردوو، کڵاوشینەکانی سەر بە ڕەوتی سەدر، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا، هێرشیان کردە سەرخۆپیشاندران و خێمەکانیان سوتاند، بەهۆیەوە پێکدادان درووستبوو، لەئەنجامدا ٨ کەس کوژران و زیاتر لە ١٥٠ کەس برینداربوون، ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە، چەندین وڵات داوایان لە حکومەتی عێراق کرد، ڕێگا بە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندران نەدات.

ز.ش