٢٦ پارتی کوردی لە سوریا هەنگاوێکی نوێیان بەرەو یەکێتی نەتەوەیی هاوێشت

٢٦ پارتی کوردی لە سوریا، هەنگاوێکی نوێیان نا بەرەو یەکێتی نەتەوەیی و داوایان کرد بەبێ پێشمەرج پێکەوە کۆ ببنەوە.

٢٦ پارتی سیاسی کورد لە ڕاگەیاندراوێک داوای یەکریزی و یەکهەڵوێستیان کرد، هەروەها بانگەوازیان بۆ هەموو هێزە کوردستانییەکان، ڕێکخراوە کلتوورییەکان، دەزگاکانی چاپەمەنی، کەسایەتییە ئاینییەکان، کەسایەتییە کۆمەلایەتییەکان و هەموو گەلی کورد کرد کە ڕۆلی ڕاستەقینەی خۆیان بگێڕن بۆ پێکهێنانی یەکێتی و یەکریزی گەلی کورد.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە:

'هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن'

"گەلی کورد لە سوریا بەتایبەتی و لە هەرێمەکە بە گشتی، بە هەلومەرجێکی سەخت و قۆناغێکی مێژوویدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتیش دوای داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، سەرێکانی و گرێ سپی و ناوچەکانی دیکەش بە بیانووی درۆ و دەلەسەوە، هەروەها بە بەردەوامی ئاکەپە هەڕەشەی تەواوکردنی پیلانەکانی دەکات لە داگیرکردنی هێڵی سنوور تا دەگاتە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەو شێوەیەش دەوڵەتی تورک ئامانجە سەرەکییەکەی لەناوبردنی تروسکایی هیواکانی گەلی کوردە بۆ بەدەستهێنانی مافە نێونەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی لە سوریا، هەروەها هەوڵی گۆرینی دیموگرافی دەدات لەو ناوچانەی کورد لێی نیشتەجێن، ئەوەش لەپێناو ئەوەیە کە ئەجندا نەژادپەرستییەکانی جێبەجێ بکات، جموجۆڵەکانی سوپای تورک لەو چاورچێوەیەدان، تەنانەت گەیشتوەتە ئاستێک کە دەوڵەتی تورک دیداری ترسناک لەگەڵ هێزە هەرێمییەکان و نێودەوڵەتییەکان و ڕژێمی سوریا دەکات بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئامانجەکەی و لێدانی دۆزی کورد لە سوریا".

'بەبێ پێشمەرج کۆ ببنەوە و ڕێگەچارە بدۆزنەوە'

گەلی کورد بە دەسپێشخەریی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) بۆ پێکهێنان و ڕێککەوتنی کوردی - کوردی پێشوازیان کرد، هەلبەتە پێشوازی لە هەر کار و خەباتێک لەوبارەیەوە دەکەن و باوەری بە بزووتنەوەی سیاسی کورد دەگەڕێنێتەوە، هەروەها هیوای گەل لەنوێوە زیندوو دەکاتەوە.

بانگەوازی بۆ حزبە سیاسییەکان لە سوریا دەکەین کە بەبێ پێشمەرج کۆ ببنەوە و کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، بە ڕۆحی بەرپرسیارییەتی کێشەکان چارەسەری بکەن، بۆ دروستکردنی مەرجەعێکی سیاسی کوردی بۆ یەکێتی کوردی، هەڵوێستی کورد لەبارەی دۆزە ستراتیژییەکان خەبات بکەن.

'بانگەوازی بۆ هەموو کەسێک دەکەین کە ڕۆلی خۆیان بکێڕن'

بانگەوازیمان بۆ هەموو هێزە کوردستانییەکان، ڕێکخراوە کلتوورییەکان، دەزگاکانی چاپەمەنی، کەسایەتییە ئاینییەکان، کەسایەتییە کۆمەلایەتییەکان و هەموو گەلی کورد کرد کە ڕۆلی ڕاستەقینەی خۆیان بگێڕن بۆ پێکهێنانی یەکتی و یەکریزی گەلی کورد".

حزب و لایەنە سیاسییەکان ئەمانەن:

١. پارتی داهاتووی سوریا.

٢. پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە.

٣. پارتی ئاشتی دیموکراتی کوردستانی.

٤. یەکێتی لیبرالی کوردستانی.

٥. حزبی شیوعی کوردستانی.

٦. پارتی دیموکراتی کوردستان- سوریا.

٧. پارتی دیموکراتی کوردی سوری.

٨. پارتی چەپی کوردی سوریا.

٩. پارتی چەپی دیموکراتی کوردی سوریا.

١٠. پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی کوردستانی.

١١. پارتی گۆڕانی دیموکراتی کوردستانی.

١٢. پارتی نوێبوونەوەی کوردستانی.

١٣. پارتی  ڕەنجدەرانی کوردستانی.

١٤. پارتی سەوزی کوردستانی.

١٥. پارتی ویفاقی دیموکراتی کوردستانی سوری.

١٦. حزبی یەکێتی دیموکراتی سوریا (یەکێتی)

١٧. بزووتنەوەی چاکسازی- سوریا

١٨. پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا (ئەلپارتی)

١٩. پارتی برایەتی کوردی.

٢٠. پارتی ڕۆژ-ی دیموکراتی کوردی سوریا.

٢١. یەکێتی نیشتیمانی ئازاد- ڕۆژئاوا.

٢٢. ڕەوتی ئایندەی کوردستان.

٢٣. بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی.

٢٤. کۆنگرەی ستار.

٢٥. پارتی خەباتی دیموکراتی.

٢٦. پارتی کۆماری کوردستان.