پزیشکێکی سویدی: سوپای تورک چەکی کیمیایی بەکار هێناوە

دکتۆر عەباس مانسووران-ی سویدی لە نزیکەوە پشکنینی بۆ بریندارانی ١٣ی تشرینی یەکەم کرد و وتی: " نیشانەکان دەری دەخەن کە سوپای تورک جگە لە فسفۆری سپی، چەکی کیمیاییشی بەکار هێناوە.

دکتۆر عەباس مانسووران کە لە سەرداوای خۆی لە سویدەوە بۆ خزمەتی بواری تەندروستی چووەتە رۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی لیکۆلینەوەو پشکنینە پزیشکیەکانی لەسەر بریندارانی ١٣ی تشرینی یەکەم کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای تورک بریندار بوون، ئاشکرا کرد.

پزیشکە سویدیەکە رایدەگەیێنێت کاتی خۆی هەلی بۆ رەخسابوو لە جەنگی نێوان ئیران و عێراقدا لە ساڵی ١٩٨٠ لێکۆلینەوە لە برینداران و کوژراوانی ئەو شەڕە بکات و وتی:" نیشانەی چەکی کیمیایی لەسەر لەشی نەخۆشەکانی ١٣ی تشرینی یەکەم دەر دەکەوێت. نیشانەکانی چەکی فسفۆری سپی بە ئاشکرا دیارە و جەختیشی کردەوە جگە لە فسفۆری سپی نیشانەکانی ماددەی (Dense Inert Metal Explosive) و چەند جۆری تری ماددەی کیمیایی دەر کەوتوون.

"نیشانەکان لە برینی چەکی ئاسایی ناچن"

دکتور مانسووران هەروها رایگەیاند لە گرێ سپی و سەرێکانی و ناوچەکانی دەوروبەری بە سەدان کەس براون بۆ نەخۆشخانەکان کە چەندین کەسیان منداڵن و جەختیشی کردەوە کە زیاتر لە ٣٠ کەسی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی رەوانەی نەخۆشخانەی ناوەندی شاری حەسەکە کراون و وتیشی:" برینەکانیان زۆر قوڕس بوون، نیشانەکانیان لە چەکی ئاسایی نەدەچوون.

پزیشکی ناوبراو جەختیشی کردەوە کە فسفۆری سپی لەگەڵ ئەوەی ئیسقانەکان دەسووتێنێت، لە هەمان کاتدا زیانێکی زۆر بە دڵ و جگەر و گورچیلەش دەگەیێنێت.

دکتۆری عەباس مانسووران لە بارەی بارودۆخی بریندارەکانیش وتی:" زۆربەی بریندارەکان کەسانی مەدەنین. زۆربەیان وتوویانە لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەک لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بریندار بوون. برینێکی رەش و قووڵ لە لەشیاندا بەجێ ماوە. تا ئێستاش بریندارەکان بە ئاسانی ناتوانن هەناسە وەرگرن. هەناسەیان توند دەبێت. نەخۆشەکان باس لەوە دەکەن کە تا ئێستاش چاویان دەسووتێتەوە. ئەمانە هەمووی نیشانەی چەکی کیمیایین.

ئەو پزیشکە سویدیە دەڵێت: "زۆر حاڵەتی مەترسیدار لە نەخۆشەکاندا بەدی دەکرێت کە بەکتریای وەکو (Pseudonmonas ssp E.coli) و (MRSA) دەبنە هۆی ئەو حاڵەتانە. چەندین حاڵەت هەن کە ناتوانن ببیستن. زۆر حاڵەت هەن وەک ئەوەیە کە مین تەقیبێتەوە، بەڵام هیچ پارچەیەک بە لەشیانەوە بەدی ناکرێت."

دکتۆر عەباس مەنسووران جەختی کردەوە کە سوپای تورک چەند جۆر بۆمبی کیمیایی بەکار هێناوە کە یەکێک لە نیشانەکان دەری دەخات بۆمبی کیمیایی لە جۆری (Dense inert metal explosive - DIME) بەکار هاتبێت.

ز.ش