ڕژیمی ئێران پێشنیاری دیل بە دیل بە ئەمریکا دەدات

جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران ئاشکرایکردووە کە نازەنین ساغەری هاووڵاتی ئێرانی بەریتانی لای ئەوان دیلە و ئامەدەیی وەڵاتەکەی دەربڕی بۆ ئەوەی کە دیل بەدیل بکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە جەواد زەریف ڕایگەیاندووە، شەش مانگ بەر لە ئێستا بە ترامپ وتووە کە ئامادەین دیلەکانمان بگۆڕین، بەڵام وڵامێکمان وەرنەگرت، دوای ئەمەوەش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئێران جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەو کارە کردووەتەوە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ لە نیۆرک، ئاشکرایکردووە کە پێشنیاری ئێرانی بۆ دیل بە دیلکردنی زیندانییەکانی هەردوولا لەلایەن ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بێ وەڵام ماوەتەوە، کە شەش مانگ بەر لە ئێستا ئێران کردبووی، هەر لەو دانیشتنەدا زەریف دیسان ئەو پێشنیارەی دووبارە کردووەتەوە و وتوویەتی:"ئێران زیندانییەکانی خۆی لە ئەمریکا بە بێتاوان دەزانێت، ئەمریکاش دەڵێت زیندانییەکانی من لە ئێران بێتاوانن، دەی وەرن کۆتایی پێی بێنین، من ئامادەم و دەستم بۆ ئەم کارە کراوەیە".

ئەم پێشنیارەی ئێران دوای ئەوە دێت کەفشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران زیادی کردووە و لە ماوەی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە و لێخۆشبوونی لە هەشت وڵات سەندەوە کە پێشتر دەرفەتیان پێیدرابوو کە لەگەڵ ئێران بازرگانیی بکەن.

ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە برایان هۆک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران،ڕایگەیاندبوو: ئەو فشارانەی دەخرێتە سەر ئێران بۆ گەڕانەوەیە بۆ مێزی دانوستان و ئەگەر ئێران بیەوێت، ئەمریکا ئامادەیە لەچوارچێوەی پەیمانێکی نوێ، کە کۆنگرێس پەسەندی بکات ڕێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ ئێران بکات.

لەسەر مەرجەکانی بۆ دانووستان، برایان هۆک وتبووی: ساڵێک لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ١٢ خاڵی دەستنیشان کردووە بۆ دانووستان لەگەڵ ئێران کە زۆر بەجێن، پێویستەڕێککەوتنێک بکەین کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بگرێتەوە، بەرنامە مووشەکییەکانی کۆنترۆڵ بکات و دەستگیرکردنی دەرەوەی یاسایی ئەمریکییەکان کۆتایی پێیبێت.

هەر دوێنێ حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران، وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی برایان هۆک،ڕایگەیاند، ئێران خواستی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، بە مەرجێک ئەمریکا گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران هەڵبگرێت و داوای لێبوردن لە کردەوە نایاساییەکانی بکات.

ک-ش