ژمارەی ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٥١٤ کەس

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، ئاماری نوێی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا "کۆڤید-١٩"ی لە وڵاتەکەی ئاشکراکرد.

کیانوش جهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ڕایگەیاند: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هەزار و ٢٨٩ حاڵەتی تووشبوون لە سەرتاسەری ئێران تۆمار کراون و بەمەش ژمارەی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە ١١ هەزار ٣٦٤ کەس.

هەروەها ڕایگەیاند: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٨٥ کەسی دیکە بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستا کۆی ئەوانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە ئێران گەیشتووەتە ٥١٤ کەس.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ڕاشیگەیاند: تا ئێستا سێ هەزار ٥٢٩ کەس لە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چاکبوونەتەوە و ڕەوانەی ماڵەکانیان کراون.

بەپێی ئەو ئامارە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ٨٢ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون کە بریتین لە؛ لوڕستان ٢٥ کەس، ئورمیە ٢٥ کەس، کرماشان ١٥ کەس، سنە ٩ کەس و ئیلام ٨ کەس.

ئەم ئامارەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە کاتێکدایە، کاربەدەستانی خۆجێیی پارێزگاکانی ئێران و هەندێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئاماری جیاواز و ژمارەی زیاتر بڵاودەکەنەوە کە ناکۆکە لەگەڵ ئاماری وەزارەتی تەندروستی.

ف.ق