ژمارەی قوربانییەکانی موسڵ گەیشتە ١٠٠کەس

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕووباری دیجلە لە شاری موسڵ بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکەوە گیانیان لەدەستدا، گەیشتە نزیلەی ١٠٠ کەس.

دوێنێ لە شاری موسڵ لەناو ڕووباری دیجلە بەلەمێکی گەشتیاریی نوقم بوو و بەهۆیەوە نزیکەی ١٠٠ هاوڵاتی خنکان و ژمارەیەکیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

بەپێی لێدوانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، زۆرینەی قوربانییەکان ژن و منداڵن، بە شێوەیەک لەناو ئەو ٩٤ کەسەی گیانیان لەدەستداوە، ١٩یان منداڵ و ٦١یان ژنن.

هەر لە ڕووداوەکەدا ٥٥ کەس ڕزگارکراون، بەڵام زۆرینەی سەرنشینانی بەلەمەکە مەلەکردنیان نەزانیوە، ئەوەش هۆکارێکی بەرزبوونەوەی قوربانییەکانە.

هەر دوێنێ ئێوارە دوای ڕووداوەکە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق چووە موسڵ کە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە بکرێت و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر هۆکارەکانی ڕووداوەکە بدرۆزێنەوە.سەرۆک وەزیرانی عێراق هەر دوێنێ سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند لە عێراق.

بەپێی ڕاپۆرتێکی سایتی سۆمەریەنیوز، هۆکاری ڕووداوەکەی موسڵ، سەرخستنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بووە بۆ سەر بەلەمەکە، کە لە توانای بەلەمەکە زیاتر بووە، هەروەها نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لە بەلەمەکاندا.

ک-ش