کەعبە پیرۆزترین شوێنى ئیسلام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چۆڵکرا

کەعبە بۆ ئیسلام پیرۆزترین شوێنە، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنانەوە چۆڵکرا.

شانشینی سعودیە بۆ ئەم هەفتەیە بە شێوەى کاتی حەج (عەمرە)ی راوەستاند. دواى ئەوەى سەردانکردنەکان بۆ کەعبە هەڵوەشێنرانەوە، دوێنێ پێنجشەممە کەعبە لە مێژووی خۆیدا چۆڵ کرا و کەسی تیادا نەبوو.

بەرپرسان رایانگەیاند، بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو رێوشوێنانە بە شێوەى کاتى گیراونەتەبەر. بەرپرسێک لەوبارەیەوە بە ئاژانسى هەواڵی فەرەنسای راگەیاندووە، پێشتر هەرگیز بڕیاری لەمشێوەیە بۆ چۆڵکردنی کەعبە نەدراوە.

وڵاتانى کەنداو لە چەند رۆژی رابردوودا لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) چەندین رێوشوێنى توندیان گرتەبەر. لە زۆرێک لەو وڵاتانەدا کۆبوونەوە، فێستیڤاڵ و چالاکییە وەرزشییەکان هەڵوەشێنرانەتەوە. لە ناوچەکەدا ١٥٠ کەسی تووشبوو بە نەخۆشیی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، کە ٥ کەسیان هاووڵاتییە سعودیە.

هەموو ساڵێک ملیۆنەها کەس سەردان کەعبە دەکات. بەپێى ئاماری فەرمی لە ساڵی ٢٠١٨ دا ١٨ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بۆ عومرە چوون بۆ کەعبە. هەروەها ٢.٥ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆ حەج چوو بوون بۆ کەعبە.

ژ.ت