گەنجانی باشوور: هاوشانی گەریلا دژی تورکیا دەجەنگین

گروپێک گەنج لە باشووری کوردستانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ شەڕی حەفتانین راگەیاند و وتیان "هاوشانی گەریلا لە حەفتانین دژی دەوڵەتی تورکیا دەجەنگین".

بە ڕاگەیەندراوێک گروپێک گەنج پشتیوانیی خۆیان بۆ گەریلا و شەڕی حەفتانین ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد: "دوای ئەو هێرش و پەلاماردانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی هەر چوارپارچەی کوردستان، ئێمە وەک گەنجانی باشوور ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەین، چونکە دەوڵەتی تورکیا لە خەونی دوبارە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیدایە".

هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو: "وەک گەنجانی باشوور ئامادەین هاوشانی گەریلا و پەکەکە ڕوو لە چیاکان بکەین و شەڕ لە دژی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگراوانیان بکەین".

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی حەفتانین تاوەکو ئێستا دەیان کچ و کوڕی باشووری کوردستان لە شارە جیاجیاکانەوە پۆل پۆل بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوون و هاوشانی گەریلا بەشداری شەڕی حەفتانین دەکەن لە دژی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر.

ژ.ت