یەکەم حاڵەتى گوماناویى گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تۆمار کرا و حکومەتیش رەتیدەکاتەوە

رۆژنامەی حکومەتى ئێران بڵاویکردەوە، یەکەم نەخۆشی گوماناویی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژی دووشەممەی رابردوو ١٠ی شوبات / ٢١ی رێبەندان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى تاران گیانی لە دەستداوە.

رۆژنامەى "ئێران"، کە رۆژنامەى دەوڵەتى ئێرانە بڵاویکردووەتەوە، رۆژی دووشەممە ٢١ی رێبەندان / ١٠ی شوبات کاتژمێر ١١:٣٠ ژنێکى تەمەن ٦٣ ساڵ کە گومانی ئەوە هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنای گرتبێت لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى تاران گیانى لە دەستداوە.

بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە، کە لە رۆژنامەکەدا ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە، دواى گیان لەدەستدانی ئەو ژنە راپۆرتی فەرمییان پێشکەشی هێزەکانى پۆلیس، دادگا و پزیشکی داد کردووە و دواتر تەرمەکەشیان رادەستى پزیشکی داد کردووە.

پێشتریش هەندێک سەرچاوە بڵاویانکردبوو، گومان دەکرێت لە شارەکانى تاران، قوم، یەزد، مەشهەد، تەبرێز و زەنجاندا کەسانێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو بن، بەڵام بەرپرسانی حکومەت لە دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵانە رەتیانکردەوە ئەو کەسانە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بووبن و رایانگەیاند، ئەنجامی پشکنییەکان کۆرۆنا نەبووە و دواى ماوەیەک مانەوەیان لە ژێر چاودێریدا نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

ئێستاش سەرباری ئەوەى رۆژنامەى ئێران، کە رۆژنامەى حکومەتە و رایگەیاندووە، یەکەم حاڵەتى گوماناویى تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران تۆمارکراوە و گیانى لە دەستداوە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتى تەندروستیى ئێران هەر جۆرە تووشبوونێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران رەتدەکەنەوە.

ژ.ت