بانگەشەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی نێوان ئێران و سعودیە دەکرێت

رۆژنامەی فایناشناڵ تایمز رایگەیاند، ئێران و سعودیە بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانیان چەندین جار کۆبونەتەوە.

رۆژنامەکە بانگەشەی ئەوەی کرد، ئێران و سعودیە کە ٤ ساڵە پەیوەندیەکانیان پچڕاوە، دەستیان بە دانوستان کردووەتەوە.

فایناشناڵ تایمز لە زاری چەند سەرچاوەی فەرمیەوە وتی، "خولی یەکەمی دانوستانەکان ٩ی نیسان لە بەغدا دەستیپێکردووە و باسی دۆسیەی یەمەن کراوە و چاوپێکەوتنەکانیش پۆزێتیف بوون.

ئاژانسی رۆیتەرزیش کە پرسیاری لە بەرپرسە سعودیەکان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکی بەدەستنەهێناوە. بۆ پشتڕاستکردنی هەواڵەکە، ئاژانسەکە هەوڵیداوە وتەی بەرپرسانی ئێرانیش وەربگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.

بەرپرسانی باڵای سعودیە بە رۆژنامەی فایناشناڵ تایمزیان وتووە، ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە.

ف.ق