دەوڵەتی ئێران دوو ژنە رۆژنامەنووسی دیکەی دەستگیرکرد

لە تارانی پایتەختی ئێران ٢ ژنە رۆژنامەنووسی دیکە دەستگیرکران.

دوێنێ لە شاری تارانی پایتەختی ئێران، دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی دیکە بە ناوەكانی “سەعیدە شەفیعی و مێهرنووش زارعی” دەستبەر كران.

لای خۆیەوە حسێن هۆمایون، هاوسەری سەعیدە شەفیعی لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە، ڕۆژی یەكشەممە ٢٢ی كانوونی دووەم، لە ئەنجامی هەڵكوتانی هێزەكانی سەر بە دەسەڵات بۆ سەر ماڵەكەیان، هاوسەرەكەی دەستبەسەر كراوە.

هەر لەو بارەیەوە، ئاژانسی كۆمەڵەی چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران -هەرانا بڵاویكردووەتەوە، سەعیدە شەفیعی نووسەر و ڕوژنامەنووس بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و هێشتا هۆكاری دەستبەسەركردنی ئاشكرا نەكراوە.

هەرانا ئاشكراشی كردووە، ژنە ڕۆژنامەنووسێكی تر بەناوی مێهرنوش زارعی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەوینی تاران گواستراوەتەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی هەرانا، هێزەكانی سەر بە دەسەڵات، دوای پشكنینی ماڵی ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسە و دەستبەسەرداگرتنی بەشێك لە كەلوپەلەكانی پەیوەست بە پیشەكەی، دەستبەسەریان كردووە و بۆ زیندان گواستویانەتەوە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ٧٩ رۆژنامەوان دەستگیرکراون.

هـ . ب