خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامن

سەرباری گوشارەکان، چالاکی و خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامن.

دوێنێ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە بەشداری سەدان كەس مەراسیمی چلەی هومەن عەبدوڵاهی، یەكێك لە گیانبەختكردووانی ئەو شارە بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەكەدا دروشمەكانی وەك “ژن، ژیان، ئازادی” و “شەهید نامرن” و چەندین دروشمی دیكە دژی دەسەڵات وترانەوە.

هاوكات، لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی “ژن، ژیان، ئازادی”، كە پێی ناوەتە پێنجەم مانگیەوە، دوێنێ لە دژی پچڕانی بەردەوامی غاز و نەبوون و گرانبوونی سوتەمەنی لە شارەكانی توربەت جام و تایبادی سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرفران بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندەران دژی بێتوانایی كاربەدەستانی دروشمیان وتەوە و دەوڵەتیش بە مەبەستی ڕێگری لە زیاتر تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەكان، ژمارەیەكی زۆر لە هێزە سەربازییەكانی ڕەوانەی ئەو دوو شارە كردووە.

بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی ماوەیەكە، ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە و لەئەنجامی بەرزبوونەوەی خواست لە سەر غازی سروشتی، چەند ڕۆژێكە پچڕانی غاز زیادی كردووە، ئەمەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

هەر دوێنێ، بەمەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی ئێران و بە مەبەستی گەیاندنی داواكاری بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی، هەزاران چالاكوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا، لە شاری ستراسبورگی فەڕەنسا كۆبوونەوە.

لە ١٦ی ئەیلولەوە و دوابەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی خۆپیشاندان و چالاکی ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردووە، کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە و لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی دەوڵەت نزیکەی ٥٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٩ هەزار کەسیش لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیرکراون.

هـ . ب