خۆپیشاندن لەدژی پەیمانی قەرەباخ بەردەوامە

خۆپیشاندان لەدژی پەیمانی قەرەباخ بە سەرکێشی ڕووسیا لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ئێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەردەوامە.

دوو ڕۆژە خەڵکی ئەرمینیا لەدژی پەیمانی قەرەباخ کە لەلایەن نیکۆل پاشینیانەوە ئیمزاکرابوو لە ئێریڤانی پایتەخت دەستی بە خۆپیشاندان کردبوو.

لە کاتژمێر ١٣:٠٠وە لە ئەرمینیا هاوڵاتیان لە کۆڵانی ئازاتوتیونی شاری ئێریڤان کۆبوونەتەوە و پەیمانی قەرەباخ شەرمەزار دەکەن کە لە لایەن نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیری ئەرمینیاوە ئیمزاکرا.

ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزاییەکان لەدژی پەیمانەکە زیاتر دەبێت. گەل و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و داوای دەستلەکارکیشانەوەی پاشینیان دەکەن و دەڵێن پێویستە باجی رادەستکردنەوەی قەرەباخ بدەن.

ئارتور ڤانەتیان سەرۆکی پارتی هایرەنیکی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند، داواکاری هەموو لایەک یەکە، ئێمە نەماندۆڕاندووە و ئێمە نایدۆڕێنین. هیوامان گەورەیە و سەردەکەوین. پێویستە پاشینیان دەستلەکاربکێشێتەوە و ئەمەش داواکاری گەلە. پێویستە ئێمە هەموو پارتەکان کۆببینەوە و لەبارەی ئەم پەیمانە قسە بکەین و داهاتووی قەرەباخ ڕوون بکەینەوە.

ڤاهە ئەنفییاجان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەرمینیاش وتی، "پاشینیان بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ گەل و پارتەکان پەیمانەکەی ئیمزا کردووە. بۆیەش هەموو کەسێک ناڕازیە و ئێمەش دەڵێین پاشینیان ناتوانی وڵات بەڕێوەببات و پێویستە دەستلەکاربکێشێتەوە.

دوای لێدوانەکان گەل و ئەندامانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان تا بەردەم باڵەخانەی سەرۆک وەزیر ڕێپێوانیان ئەنجامدا و رایانگەیاند کە پێویستە نیکۆل پاشینیان دەستلەکاربکێشێتەوە.

لە هەمانکاتدا لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا ئالۆزی دروست بوو. گەل ناڕەزایی بەرانبەر دەوڵەتی تورک پیشاندا و رایانگەیاند کە پەیمانەکە قبوڵ ناکەن. هەروەها باسی ئەوەیان کرد کە خیانەتیان لەبەرانبەر کراوە و قبوڵی ناکەن و دەوڵەتی تورکیش دەستی بە داگیرکەری کردووە.

ف.ق