خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەکشێنەوە

پاش ئەوەی سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد لەماوەی کاتژمێرێکدا لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە، خۆپیشاندەران دەستیان بە کشانەوە کردووە و ناوچەکە بەجێدەهێڵن.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە ناوچەی حەنانەی نەجەف، داوای لە لایەنگرانی و هێزەکانی سەرایا سەلام کرد، لە ماوەی کاتژمێرێکدا ناوچەی سەوزی بەغدا چۆڵبکەن.

دوای پەیامەکە لایەنگرانی سەدر و چەکدارانی سەرایا سەلام لە ناوچەی سەوز دەستیان بە کشانەوە کرد و پێکدادانی چەکدارییش لە ناوچەکە کۆتاییهاتووە.

هاوکات مستەفا کازمیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و قاسم ئەعرەجیی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی و محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی عێراق سوپاسی سەدریان کرد بۆ هەڵوێستەکەی و کشاندنەوەی لایەنگرانی.

پاش پەیامەکەی سەدریش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بڕیاری هەڵگرتنی قەدە‌غەی هاتووچۆی دەرکرد، کە لەکاتژمێر ٠٣:٣٠ ئێوارەی دوێنێوە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی بەغداوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕاگەیەندرابوو.

لە ئێوارەی دوێنێوە پێکدادان لە نێوان چەکدارانی سەرایا سەلامی سەر بە ڕەوتی سەدر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوامبوو، بەهۆیەوە ٣٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش برینداربوون.

ف.ق