کەنەکە لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوویەوە

شاندێکی کەنەکە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد قەرەمووس لەگەڵ هەریەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمەنیستی ئێران کۆبوویەوە.

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) بۆ پێشگرتن لە شەڕی نێوان لایەنە کوردیەکان، سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ  شاندێکی کەنەکە کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی گشتیی کەنەکە، ئاسیا عەبدوڵا ئەندامی کەنەکە و مەروان مەحمەد ئەندامی بەرێوبەرایەتی ئۆفیسی کەنەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی هەریەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان کرد.

سەرەتا شاندەکە سەردانی کەمپی کۆمەڵەی زحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەو حزبە کۆبوونەوە لەسەر پرسە نەتەوەیەکان، گرنگیی یەكڕێزی و یەكێتیی نەتەوەی لەم قۆناغەدا قسەیان کرد و هەر دولا جەختیان کردەوە، کە دەبێت پێش لەوە بگیرێت کە شەڕ لە نێوان لایەنە کوردیەکان ڕوبدات.

دواتر شاندی کەنەکە سەردانی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمۆنیستی ئێرنیان کرد و لەلایەن سکرتێری ئەو حزبە سەید ئیبراهیم عەلیزادە و شاندێکی یاوەری پێشوازی لە شاندەکە کرا.

لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە هەریەک لە سەید ئیبراهیم عەلیزادە و ئەحمەد قەرمووس بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەیان کرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئیبراهیم عەلیزادە، سکرتێری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ڕایگەیاند: بە تێروتەسەلی باسمان لە دۆخی هەموو پارچەکانی کوردستان و مەترسیی شەڕی ناوخۆ لە باشووری کوردستان کرد، ئێمە هەڵوێستی خۆمان بە هاوڕێیانیش ڕاگەیاند، کە هەرجۆرە شەڕێکی ناوخۆیی و چارەسەرکردنی کێشەکان بە چەک مەحکوم دەکەین.

وتیشی: داوا دەکەین بەهیچ جۆرێک ڕێگا بە خۆشکردنی زەمینەی وەها شەڕێک لە ناوخۆی کوردستان نەدرێت، چونکە پێمان وایە دەوڵەتی تورکیا پێش ئەوەی دوژمنی پەکەکە بێت، دوژمنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە، داگیرکارییەکانیشی هەوڵە بۆ شکاندنی کەرامەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئەحمەد قەرەمووس، هاوسەرۆکی کەنەکە لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند: ئێمە و کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حزبی کۆمۆنیستی ئێران یەک هەڵوێستمان هەیە، هەردووکمان لەو بڕوایەداین کە دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ و کۆبوونەوە چارەسەربکرێن.

وتیشی: داوامان کرد هەریەکە و لای خۆیەوە هەوڵ بۆ کردنەوەی ڕێگاکانی دیالۆگ بدات لە نێوان لایەنەکاندا.

ژ.ت