لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ئێراندا ٥ کەس بریندار بوون و زیانی مادی دروست بوو

لە باشوری ئێران بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥،٩ روویدا و لە ئەنجامدا ٥ کەس بریندار بوون و زیانێکی زۆری مادی دروست بوو.

لە بەندەری گوناوی نێوان پاریزگای بۆشێهر و فارسدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥،٩ روویدا.

میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، بوومەلەرزەکە ١٠ کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا روویداوە. کەناڵی فەرمی ئێران دیمەنی ماڵە وێرانبووەکانی بڵاوکردەوە. بەپێێ زانیاریەکان ٥ کەس بریندار بوون.

دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە ٣ جاری دیکەش بە گوڕی ٤،٠ بوومەلەرزە روویداوە.

١٨ی شوباتیش لە باشوری ئێران بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٤ روویدابوو و زیانێکی زۆری مادی دروست ببوو و زیانی بەر ٧٨ گوند کەوتبوو و نزیکەی ١٠٠ ماڵ رووخابوون.

ئێران لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە و رۆژانە بوومەلەرزە لەو وڵاتە روودەدەن.

لە تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوومەلەرزەیەک بە پلەی ٧،٣ روویدابوو و ٦٢٠ کەس گیانیان لەدەستدابوو.

لە ساڵی ٢٠٠٣ بوومەلەرزەیەکیش لە کرمانی باشوری رۆژهەڵاتی ئیران بە گوڕی ٦،٦ روویدابوو و لە ئەنجامدا ٣١ هەزار کەس گیانیان لەدەستدابوو.

لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا گەورەترین بوومەلەرزە لە ساڵی ١٩٩٠دا لە باکوری ئەو وڵاتە روویدابوو کە گوڕەکەی ٧.٤ بوو و نزیەی ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدابوو و نیو ملیۆن کەسیش بێماڵ و حاڵ بوون.

ف.ق